٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: شكستی بەشێك لە دامەزراوەكانی هەرێم بەهۆی هاتنەناوەوەی گۆڕان بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی دەڵێ، هێوركردنی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان پەیوەسە بە لەناوبردنی ئەو ئەقڵییەتەی كە بۆ ململانێی حزبی هێرش دەكەنە سەر نوێنەراییەتییە بیانییەكانی هەرێمی كوردستان. دەیشڵێ، كە شكستی بەشێك لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوە بوو بزووتنەوەی گۆڕان هاتە ناو حکوومەتەوە.

 

 

 

ساڵانە زانكۆی ئەمریكا لە سلێمانی دانیشتنێكی كراوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسە هەنووكەیەكان لەژێر ناوی (دیداری سلێمانی) ساز دەكات؛ هێمن هەورامی بە بانگهێشتێكی فەرمی لەگەڵ چەند كادیرێكی پارتی بەشدار بوو تێدا و لە پانێڵێكی تایبەتدا قسەی لەسەر چەندین تەوەری گرنگو هەستیار كرد.

 

هەورامی سەرەتا باسی لەو فەزا سیاسی و ئەمنییەكرد كە داعشی تێدا لە دایك بوو، گەڕاندییەوە بۆ ئەو فكرە ڕادیكاڵییەی كە تێكەڵكێشە بە ئیسلامی سەلەفیی توندڕەوو بەشێك لە شۆفێنیزمانی ناوچەكە كە هەمووكات لە دەرفەت دەگەڕان بۆ مومارەسەكردنی ئەو فكرەیە، شكست و فاشیزمی هەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریا ئەو هەلەی بەخشییە تیرۆریستان و كە لەنێو ڕێكخراوێكدا خۆیان كۆ كردەوە و ئەو مەئەساتەیان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێنا.

 

هەورامی سەبارەت بە ڕۆڵ و پلانی كورد لەم بارەیەوە گوتی: بە سەرپەرشتیی حەكیمانەی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لە ستراتیژییەتێك كە بە سێ قۆناغ دانرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، خۆشبەختانە بە قارەمانەتیی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و شەونخوونی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) توانراوە قۆناغی یەكەم و دووەم تێپەڕێنین كاریش لە سەر سێیەم بەردەوامە ئەویش سڕینەوەی داعشە كە دەبێتە بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی بكرێت.

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان هەورامی بەم شێوەیە دوا، بزووتنەوەی گۆڕانی بە گەورەترین وەسیلەی تێكچوونی ڕوشی سیاسی هەرێمی كوردستانی زانی بە تێكدانی تەوافق لە ٢٣ حوزیران و تا شكستەكەی ١٩ ئابیان. ئەمە وای كرد كە ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان بە ئاقارێكی نالەباردا برد، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خۆلادان لە هەر پشێوییەكی ناوخۆیی ڕازی بوو بەو هەڵوەشاندنەوەی تەوافقییە كە بزووتنەوەی گۆڕان هەڵیوەشاندەوە و چەندین بڕیاری گرنگی بۆ تەشەنەنەكردنی ڕەوشەكە دا، بەڵام هەورامی ئامادەیی پارتی نیشاندا بۆ هەر دانیشتنێكی بێمەرج بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد هێوركردنەوەی ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان وابەستەیە بە لەناوبردنی ئەو ئەقڵییەتەی كە هەوڵی هێرشكردنە سەر نوێنەراییەتییە بیانییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبەر بەرژەوەندییە تەسكەکەی گردۆڵەیەك.

گوتیشی شكستی بەشێك لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان هاتنە ناوەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو و شكاندنی تەوافقە نیشتمانیەكە؛ جا هێمن هەورامی پەیامێكی بە گۆڕان دا كە بەشێک بن لە بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەڵام لە چوارچێوەی ئۆپۆزۆسیۆن، چونكە حوكمەتداری ئەزموون و ئیرادەی پێویستە.

سەبارەت بە ئایندەی هەرێمی كوردستان ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاند: "ئایا پێناسەی دەستەڵاتدارانی عێراقی چییە بۆ شەراكەت؟ ئێمە ئەزموونێكی چەند ساڵەمان هەیە لەگەڵ عێراق كە مانای شەراكەتیان پێچەوانە كردووەتەوە؛ ئیدی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوەی بۆ یڕیاری گەل لە چوارچێوەی ڕیفراندۆمدا و گەل دەبێت بڕیاری خۆی بدات و، ئێمەشە جێبەجێكار دەبین، بۆ ئەم پرسەش خاڵی هاوبەشمان زۆرە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا."

 

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار