٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

"پەیامی پارتی درایە کونسووڵ و نوێنەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان..ریفراندۆم مافی گەلی کوردە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) بەرپرسی پێوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم کونسووڵ و نوێنەرانی بیانیدا لە هەرێم، پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن.

ئەمرۆ لە پیرمام پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ سەرجەم نوێنەرایەتی و كونسوڵخانە بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە. مەبەست لەم كۆبوونەوە گەیاندنی دواپەیامی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەسەر دواپەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.

ئەجێندای ئەم كۆبوونەوەیە دەرهاویشتەی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی پارتی بوو بە سەرپەرەشتیی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) كە چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی لێكەوتەوە، پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیش وەك بەشێك لە كاری دیپلۆماسی خۆی بەپێویستی زانی كە سەرجەم كونسووڵ و نوێنەرە جیهانییەكانی هەرێمی كوردستانیان كۆ بكاتەوە و ئەو پەیام و ڕاسپاردانەی كە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی دەرچووبوون پێیان ڕابگەیێنێت.

هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، كۆبوونەوەكەی بەسەر سێ تەوەردا دابەش كرد كە مەبەستیان بوو لە نزیكەوە ئەو پەیام ڕاسپاردانە لە سەركردایەتی قسەوباسی لەسەر كرابوو بیگەینە ئەو لایەنە بیانیانە كە لە هەرێمی كوردستانن.

پرسی ڕیفراندۆم

هەورامی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بەم شێوەیە بۆ ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە دوا، پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتۆتە ئەو باوەرییەی كە ئیدی پێویست ناكات هەرێمی كوردستان بەشێك بێت لەو شكست و فاشیلییەی كە عێراق و ناوچەكەی تێكەوتووە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خەڵكی كوردستان و بڕیاری دروست وەربگیرێت لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان و ئەو پێكهاتە سیاسی و جوگرافییەی كە پێویست دەكات بە ج جۆرێك بێت. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە هەورامی ئامادەیی پارتی لەوبارەیەوە نیشاندا و ڕایگەیاند كە پارتی كار بۆ ئامادەكاری دەكات بۆ ڕەخساندنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، هەورامی ئەمەشی بە مافی خەڵكی كوردستان زانی كە بڕیاری لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن و سەركردایەتی كوردستان پەیوەست دەبێت بەو بڕیارەی كە خەڵكی كوردستان دەیدات.

ڕەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە پەیوەشت بوو بەو ڕەوشە سیاسییەوە كە ئێستا كوردستانی تێكەوتووە و پەیامی پارتی لەو بارەیەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانە و گەڕانەوەی لایەنە سیاسییەكانە بۆ مێزی گفتوگۆ و ڕێگەگرتن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو كە لە لایەن هەر لایەنێكی سیاسییەوە بێت بۆ تێكدانی ڕەوشی ئەمنی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی حزبیانەی خۆیان، هەورامی ئەوەشی بە لایەنە بیانییەكان ڕاگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبی ژمارە یەك بەرپرسیارییەتی گەورەترە لە لایەنەكانی دیكە و ئاگاداری وردەكاری ئەو پلانانەیە كە هەندێك لایەن دەیانەوێت بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبیانەی خۆیان سەقامگیری كوردستان بخنە مەترسییەوە و چوارچێوەی هێزی چەكدارییەوە واقعێكی نەخوازراو دروست بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش پارتی هەموو ڕێگایەكی گرتۆتە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازرا و پێی باش بوو هەموو لایەنە بیانییەكانیشی لێ ئاگادار بكاتەوە. هەروەها دوێنێش هەمان پەیام گەێنراوەتە هەموو ئەحزابە كوردستانییەكانیش.

باری ئابووریی هەرێمی كوردستان و چاكسازی:
پرسی چاكسازی و باری ئابووری هەرێمی كوردستان بەشێكی دیكەی قسەكانی هەورامی پێك دەهێنا كە ئێستا ستراتیژییەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پرۆژەیەکی جیدی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) یە كە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی جەختی لەسەر كردۆتەوە، پرۆژەكە پرۆژەیەكی بەردەوامە و، دەبێت هەرێمی كوردستان ڕێك بخرێتەوە لە ڕووی ئابووریییەوە و ئەوەی لەچوارچێوەی یاسادا نەبێت دەبێت كۆتایی پێ بهێنرێت و كار بۆ سەروەری یاساكان بكرێت لە هەرێمی كوردستان. هێمن هەورامی ئەم مەسەلەیەی بە پرسێكی گرنگ زانی و پێی وابوو دەبێتە بناغەیەكی پتەو بۆ بنیادنانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان.

هەموو لایەنە بیانییەكان لەلایەن خۆیانەوە هەموو جۆرە پاڵپشتی و پشتگیرییەكی خۆیان بۆ مەسەلەی چاكسازی و پاراستنی كوردستان و ئەو سەقامگیرییەی كە هەیە دەربڕی و سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆمیش، بە مافێكی سروشتیی گەلی كوردیان زانی و پێیان وابوو ئەمە بڕیارێكە كە دەبێت خەڵكی هەرێمی كوردستان بیدات، ئەوكات بەپێی ئەو ڕێژەیە ئێمە پشتگیری دەكەین.

هەواڵی پەیوەندیدار