ژاپۆن لە هەوڵی ناساندنی نەهامەتییەكانی گەلی كورددایە

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی كرد لە شاندێكی ژاپۆنی كە پێك هاتبوون لە (كینۆشیتا ئەكینۆبو) بەرپرسی ڕێكخراوەی دۆستایەتیی (كورد ــ ژاپۆن) و (هێرۆ نیشینا) بەرپرسی ڕێكخراوەی پاوەر جەپان پلۆس؛ كاری ئەو ڕێكخراوە خێرخوازییە و، هاوكاری پێشكەش بە ئاوارەكان دەكات. مەبەست لە سەردانەكەی شاندی ناوبراو كە چەند ڕۆژێكە لە هەرێمی كوردستاندان بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ژاپۆن و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی ئێستا هەرێمی كوردستانە.
هەورامی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم جۆرە سەردانانە دەربڕی و پێی وابوو پێویستە پەیوەندییە سیاسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ببنە خاڵی دەستپێك بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە (كۆمەڵایەتی - كەلتوری - پەروەردەیی - ئابووری)ـیەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و ژاپۆن. هەورامی ئەوەی دووپات كردەوە كە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ئامادەیە هەموو هاوكاری و ئاسانكاریەك پێشكەش بەم ڕێكخراوە بكات، بۆ ئەوەی ئەم ڕێكخراوە بتوانێت ئەرك و كارەكانیان لە چوارچێوەی هاوكارییەكاندا بەباشی بەڕێوە بچێت. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسی دواپێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەگشتی كردوو سوپاسی (كینۆشیتا ئەكینۆبو)ی كرد كە تاكو ئێستا چەند پەرتوكێكی بە زمانی ژاپۆنی لە سەر گەلی كوردستان و دۆزە ڕەواكەی نوسیوە.
كینۆشیتا ئەكینۆبو و هێرۆ نیشینا، زۆر سوپاسی پێوەندییەکانی پارتی کرد و تیشكیان خستەسەر ئەو كارانەی كەلە ڕابردودا ئەنجامیان داوە، پلان و بەرنامەی نوێی كاركردنیان كە لە ئایندەدا ئەنجامی دەدەن خستە ڕوو. هەروەها لە بەرئەنجامی كارەكانیاندا توانیویانە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمی ببەنە ژاپۆنی، شایەنی باسە لەو سەردانی شاندی پارتیدا چەندین دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ زۆرێك لایەنی كاریگەری نێو حكومەتی ئەو وڵاتە بۆیان ڕێكخرابوو. ئەویشیان دووپاتكردەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە ناساندنی دۆز و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بە گەلی ژاپۆن و هەوڵی پشتگری و هاوكارییەکی زیاتر دەدەن بۆ هەرێمی كوردستان.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
