نەتەوە یەكگرتووەكان: قارەمانیەتی و میهرەبانیی گەلی كورد، لە مەیدانی جەنگدا سەلمێنرا
__2016_01_25_h15m11s56__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئێمە زۆر باش لە نەهامەتییەكانی كوردستان دەگەین و درك بەو ئەركە قورسە دەكەین كە لەسەر شانی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. داوایشمان لە نەتەوە یەگرتووەكان و ئەندامانی نێو ئەو رێكخراوە كردووە كە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكەن.
(هێمن هەورامی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشوازی لە (سۆكۆڵ كۆندی) بەرپرسی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان كرد.
(هێمن هەورامی) سەرەتا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان و (سۆكۆڵ كوندی) بەرپرسی (یونامی) لە هەرێمی كوردستان دەڕبڕی، هەروەها سوپاسی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنیانەی كە بۆ هاوكاریكردنی مرۆیی و لۆجیستیی حكوومەت و گەلی كوردستان لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بە گشتی و بە تایبەتی لە دوای دروستبوونی ئەم قەیرانانەی ئێستای روژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی تیرۆریستانی داعش و داگیركردنی مووسڵ، كە بووەتە هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر لە سووریا و عێراق كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، دواپێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان خستە ڕوو و گوتی، كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەشەنەكردنیان خەتەرێكی جیدییە و پێگەی كورد لە بەگژداچوونەوەی ئەم كێشانە ڕۆڵێكی ئەرێنییە.
(هەورامی) سەبارەت بەو بلۆكبەندی و ئەو كێشانەی كە لە ناوچەكەدا هەن ڕایگەیاند كە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو گەورەترین هێزی سیاسیی هەرێمی كوردستان ڕێگە نادات هەرێمەكەی و گەلی كوردستان ببنە بەشێك لەو كێشە و ئاڵۆزیانە.
بەشێكی دیكەی قسەكانی (هەورامی) باسكردن بوو لە ڕەوشی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و ئەو دیدارانەی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا ئەنجامیان دەدات لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگاچارەیەك بۆ چارەكردنی كێشە سیاسی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها باس لەو پێشنیازانە كرا كە جەنابی سەرۆك خستوونیەتە بەردەم لایەنەكان بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێك لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم.
(سۆكۆڵ كۆندی)، بە ناوی نەتەوەیە یەكگرتووەكانەوە سوپاسی گەل و هەرێمی كوردستانی كرد كە بە ڕاستی لە مەیداندا سەلماندیان كە نەتەوەیەكی قارەمان و میهرەبانن و گوتی: "ئێمە زۆر باش لە نەهامەتییەكانی كوردستان دەگەین و درك بەو ئەركە قورسە دەكەین كە لەسەر شانی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. داوایشمان لە نەتەوە یەگرتووەكان و ئەندامانی نێو ئەو رێكخراوە كردووە كە هاوكارییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان زیاد بكەن".
هەروەها (كۆندی) ئەوەیشی دركاند كە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی تیرۆرستان دەكات، خوێن دەبەخشێت و خاك و ماڵ خۆی بۆ دوو ملیۆن ئاوارە كردووەتەوە لە بەرامبەر ئەمەدا جیهان دەبێت سوپاس و پێزانینی خۆی بە راستی پیشان بدات. ناكرێت قورسایی شەڕێكی گەورەی ئاوا لەسەر شانی هەرێم و گەلی كوردستان بێت.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
