٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێزی پێشمەرگە ئێستا بووەتە نموونەی ئازایەتی و دڵفراوانی و مرۆڤایەتی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ لە پیرمام (هێمن هەورامی) بەرپرس پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشوازیی لە (تۆد هێندریكس)، بەرپرسی ڕێكخراوی (بیلدین بێتەر ۆرلد) كرد و شاندی میوان ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ئێستا بونەتە نموونەی ئازایەتی و دڵفراوانی و هەستی مرۆڤایەتی.


ئەم ڕێكخراوە ئەمریكاییە نووسینگەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەیە، كار دەكات بۆ باشتركردن و بەرەوەپێشەوەبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. هەورامی دوای بەخێرهێنانی شاندی ناوبراو، هیوای خواست ئەمە دەستپێكێک بێت بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بە پردێكی نوێی دیپلۆماسی زانی لە نێوان باشووری كوردستان و جیهاندا. دوجار بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە وردی ڕەوشی ئێستا هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان شی كردەوە؛ تیشكیشی خستەسەر ئەو قۆناغە سەختەی ئێستای گەلی كورد، بۆیە داوا دەكەین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. دیوێكی دیكەی قسەكانی هەورامی تایبەت بوو بە ڕەوشی شەڕی تیرۆر و ئەو پەنابەرانەی كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درك بەم بەرپرسیارییەتییە بكات و تەنها لە ئەستۆی هەرێمی كوردستاندا نەبێت. چونكە ئەمە لە توانای ئەم هەرێمەدا نییە، ئەم بەرپرسیاریەكی مرۆیی و ئەخلاقی نێودەوڵەتییە، هەر ئەمەشە وا لە ئێمە دەكات داوای هاوكاری زیاتر بكەین. هەروەها دەبێت لە پێكهاتەی داعش تێبگەین كە پێكهاتەیەكە لە نوێنەرایەتی توندڕەوو ڕەگەزپەرستی تۆتالیتاری هەموو جیهان. ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی ئازاد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی.

تۆد هێندریكس لەلای خۆیەوە ڕایگەیاند گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ئێستا بونەتە نمونەی ئازایەتی و دڵفراوان و هەستی مرۆڤایەتی. گەلی كوردستان زوڵمی زۆری لێ كراوە، بەڵام هیچ كات هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی نەداوە و درگای بۆ لێقەوماوان كردووەتەوە و بەرگرییشی لێیان كردووە. ئەمە سیفەتە بەرزە مرۆییەیە كە ئێمە هێناوەتە كوردستان، بەڵێنی ئەوە بدەین كە هەموو توانا و گاریگەرییەكانی خۆمان بەكار بێنین بۆ هاوكاری هەرێمی كوردستان.

لە كوتایدا گفتو گۆكرا لەسەر سەردانی شاندی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەمەریكا لە سەرەتای مانگی داهاتودا كە هێمن هەورامی سەركردایەتی دەكات و بۆ ماوەی هەفتەیەك لەوێ دەمێنێتەوە و دیدار و چاو پێكەوتنیان لە گەڵ چەندین كەسایەتی و ڕێكخراو و دەزگا گاریگەریەكانی ئەو وڵاتەدا هەیە بەمەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان.

سەنگەر هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار