٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

"ستراتیژییەتی هەرێم، لەناوبردنی داعش و گەڕانەوەی سەقاگیرییە بۆ ناوچەكە"

سەرچاوە: KDP.info
دیداری نێوان هێمن هه‌ورامی و سه‌رۆكی پارتیی مۆدێراتی سوید.

ئەڵمانیا-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكی پارتی 'مودێرات'ـی سوید، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند، ستراتیژییەتی هەرێمی كوردستان لەم هەلومەرجەدا، لەناوبردنی داعش و گەڕانەوەی سەقاگیرییە بۆ ناوچەكە.

لە پەراوێزی كۆنگرەی "سی‌دی‌یوو"ـی ئەڵمانیا، شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، چەندین دیدار و كۆبوونەوەی سیاسییان کرد.پارتی تاكە حزبە كوردە لەو كۆنگرەدا بەشدار بووە، زیاتر لە هەزار شاند و سەرۆكی حزب و كەسایەتی و دیپلۆماتكاری جیهانی تێیدا ئامادە بوون، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ چەندین شاندی بەشداربوو كۆ بووەوە.

یەكێك لە دانیشتنە گرینگەكانی شاندی پارتی لەگەڵ سەرۆكی پارتیی مۆدێراتی سوید، (تۆماس تۆبێ) بوو، كە چەندین پرسی گرینگ سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان باس كرد.
(هەورامی) دیت و تێڕوانینی هەرێمی كوردستانی بۆ كۆی پرسەكان خستە ڕوو، كە ستراتیژییەتی هەرێمی كوردستان لەم هەلومەرجەدا لەناوبردنی داعش و گەڕانەوەی سەقاگیرییە بۆ ناوچەكە.

هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی سەبارەت بە واقیعی جیۆگرافیای عێراق بۆ سەرۆكی پارتیی مودێراتی سویدی ڕوون كردەوە كە، "ئێستا عێراق بووەتە سێ بەشەوە و جارێكی دیكە كورد ئامادە نییە ببێتەوە بە بەشێك لە حكوومەتێكی فاشیل لە عێراقدا، بۆیە ئێمە ستراتیژییەتی دیكەمان هەیە و بە شێوەیەكی ئاشتیانە كاری بۆ دەكەین".

سەرۆكی پارتیی مودێراتی سوید، كۆك بوو لەگەڵ قسەكانی (هەورامی)ـدا و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی.

سەنگەر هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار