مێركڵ: پێشمهرگه نهبهردن

ئهڵمانیا -KDP.info- کۆنگرەی (28)ـەمینی ساڵانەی پارتی 'سیدییوو'ی ئەڵمانی بە ئامادەبوونی زیاتر لە 1000 نوێنەری پارت و دیپلۆماتکارانی جیهانی، تاقانە شاندی بەشدار بوو لەڕۆژهەڵاتی ناڤین شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان بوو و كه له كۆنگرهكهدا مێركڵ به تهنیا ناوی پێشمهرگهی هێنا و، به نهبهردی وهسف كرد.
پارتی سیدییووی ئەڵمانیا، پارتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیایە و ساڵانەی کۆنگرەیەکی تایبەتی پارتەکەی لەسەر دوا ڕەوش و پێشهاتەکان گرێ دەدات. تاقانە شاندێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بانگهێشت کرابوو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
لە ڕۆژی 14/12/2015 پارتی (سیدییوو)ی فەرمانڕەوای ئەڵمانی (28)ـەمینی کۆنگرەی خۆی گرێ دا، شایانی باسە کۆنگرەکە زیاتر لە 1000 کەسایەتی و سەرۆکی پارتی و نوێنەرانی پارت و وڵاتانی جیهان بەشدار بوون تێیدا، شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستان کە پێک هاتبوو لە دڵشاد بارزانی بەرپرسی لقی (6) و، هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و سەرهەد غەفووری و فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئامادەی کۆنگرەکە بوون.
وەک پەیڕەوی ناوخۆی پارتی 'سیدییوو'ی ئەڵمانیا ساڵانە کۆنگرەی خۆی لەسەر دواپێشهاتەکانی جیهان و ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشهاتەکان کۆنگرەیەک دەبەسێت بۆ ئاراستەکردنی ستراتیژییەتی پارتەکەی و چۆنیەتی هەنگاوەکانی. ئەنگێڵا مێرکڵ، سەرشالیاری ئەڵمانیا و سەرۆکی پارتی سیدییوو، گوتارێکی لە کۆنگرەکەدا پێشکەش کرد، مێرکڵ بە وردی باسی لە دواپێشهاتەکانی جیهان و ئەو مەترسییە گەورەیەی کە سەقامگیری جیهانی هەژاندووە کرد و باسی لە ڕۆڵی وڵاتانی ئەورووپا کرد لەو ناوەدا؛ مێرکڵ باسی لە ڕەوشی ئەمنی جیهان کرد و لەنێو هاوپەیمانەتیی 60 وڵاتی جیهاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە تایبەتی ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی برد و بە هێزێکی نەبەرد وەسفی کرد. پارتی سیدییووی ئەڵمانیا پرۆگرامی کۆنگرەکەی لەسەر سێ تەوەری گرنگی ڕۆژدا کۆ کردەوە لهوانه:
یهكهم: ڕەوشی ئەمنیی ئەورووپا
لەو ساڵەیدا ڕابرد، ئەو تیرۆر و ڕەشکوژییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینەوە سەری هەڵدا، بەرەو ئەورووپا هەنگاوی دەنا و پریشکی بەر وڵاتانی ئەورووپایش کەوت، ئیدی وڵاتانی ئەوورپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە، کۆی دانیشتن و کۆنگرە و کۆبوونەوەکانیان، ڕوشی ئەمنی لە سەرووی هەموو پێشهاتەکانی دیکەوە بوو. هەر لەم دیدگایەشەوە پارتی سیدییوو، کۆنگرەی ئەمساڵی لەو بازنە ئەمنییەدا قەتیس بووبوو. پارتی سیدییوی لە کۆنگرەکەیاندا لەسەر ئەو ڕەوشە هاوکۆک بوون، بۆ زیاتر بەشداریکردنی وڵاتەکەیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی تیرۆر لە جیهاندا و هاوکاری و، پاڵپشتی هێزە ئازادیخوازەکانی ناوچەکەشیان بە گرنگ زانی، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەش بەشێک بوو لەو هێزانە کە لە ئایندەدا هاوکاری زیاتر دەکرێت.
دووهم: ڕەوشی پەنابەران و هاوکارییەکانی ئەورووپا
دوابەدوای نائارامی و شەڕی تیرۆر لە ناوچەکەدا، هاوڵاتیانی ناوچەکەی ناچار کرد وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵن و ڕوو بکەنە ئەورووپا، تا ڕادەیەکی بەرچاو دەرگای وڵاتانی ئەورووپا بۆ پەنابەران کرا بوویەوە و، وەک لێقەوماوانی دەستی تیرۆر پێشوازیان لێ کرا. بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی پاریس ئەورووپا وەهۆش خۆی هاتەوە و، بۆ ڕێگاگرتن لە تیرۆر بۆ وڵاتەکانیان پێداچوونەوەیەکیان بە بواری ئەمنیدا کرد و مەسەلەی پەنابەرانیشیان سنووردار کرد. پارتی سیدییوو لە کۆنگرەکەیدا بۆ ڕێکخستن و هاوکاری پەنابەرەکان بە وردی ڕەوشی پەنابەرانی هەڵسەنگاند، بۆ ئەوەی بە شێوازیکی باشتر و ستراتیژییەتێکی دیار هاوکاری و باری گوزەرانیان ڕێک بخرێت تا وڵاتەکانیان لە تیرۆر پاک دەکرێتەوە.
سێیهم: شەڕی داعش
هەڕ لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە وڵاتی ئەڵمانیا شێلگیرانە هاتە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوە و، هاوکاری ئەو هێزانە ناوچەییانەی دەکرد کە لە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەی داعشدان، ئەمەش بۆ ئەو مەترسییە جیهانیە دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە پەلاماری جیهانی ئازادی پێ بدرێت، کە لە ڕووداوەکانی پاریسدا بینرا. بۆ ئەم مەسەلەیە پارتی سیدییوو لە کۆنگرەکەیدا بە جددی جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەتییەدا کردەوە بۆ لەناوبردنی داعش و هاوکاریکردنی هەموو ئەو هێزانەی کە لە ناوچەکەدا شەڕی داعش دەکەن .
سەنگەر هەورامی

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
