"گۆڕان حكوومهتداریی پێ نەکرا"

ههولێر-KDP.info- بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند لاى هەمووان ڕوونە کە گۆڕان شکستى هێناوە لە حکومەتداریدا و پارتى ئامادە نییە، ئایندەى خەڵکى کوردستان بکاتە قوربانى ڕێکەوتن لەگەڵ حزبێکدا.
ئەمڕۆ لە پیرمامدا هێمن هەورامى ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى، پێشوازىی لە (ئالان گیپخات) کونسوڵى فەرەنسا و (ئلکساندەر پیکیە) جێگیرى کونسوڵى فەرەنسا لە هەولێر کرد.
تا دەڕوات کێشەکانى سووریا و تیرۆر قووڵتر دەبێتەوە و وڵاتى فەرەنساش یەکێکە لە قوربانییەکانى ئەم گرووپە تیرۆریستیانەى کە بوونەتە هەڕەشە بۆ جیهانى ئازاد، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە کۆى هاوکێشەکان بەرپرسى پەیوەندییەکان لەگەڵ کونسوڵى فەرەنسا کۆ دەبنەوە، هەورامى لە دەسپێکى کۆبووەکەدا بە ناوى سەرکردایەتى پارتییەوە سوپاس و پێزانینى وڵاتى فەرەنساى کرد و باسى لەو هاتنەپێشەوەى وڵاتانى جیهان کرد بۆ لەناوبردنى داعش، لە نێویشاندا وڵاتى فەرەنسا کە بە کردەوە کار لەسەر سڕینەوەى داعش دەکەن. هەروەها بەرپرسى پەیوەندییەکان ئەوەشى درکاند کە کێشەى سووریا بە ئاراستەى شەڕێکدا دەڕوات کە شەڕى لەپێناو (وەکالەت)ـە، ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ لەو شەڕان. بەڵکو دەستى ئەو لایەنانە دەگرین کە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى داعش درێژى دەکەن و بەرژەوەندییەکانى کورد دەپارێزێت.
لە بەشێکى دیکە قسەکانیدا هەورامى باسى لە بارودۆخى سیاسى نێوخۆى هەرێمى کوردستان کرد و دیدگاى پارتى لەو بارەیەوە بۆ کونسوڵ ڕوون کردەوە، کە پارتى ئامادەی دیالۆگی بێمەرجە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا؛ هەورامى گوتیشی کە پارتى دانوستان و هێورکردنەوەى دۆخەکەی پێ باشە، بەڵام ئەمە ئەوە نەبێ کە ئەزموونى پار و پێرار دووبارە بکرێتەوە، چونکە لاى هەمووان ڕوونە کە گۆڕان شکستى هێنا لە حکوومەتداریدا، جا پارتى ئایندەى خەڵکى کوردستان ناکاتە قوربانى ڕێکەوتن لەگەڵ حزبێکدا.
بەرپرسى مەکتەب، باسى لە دوا پەرەسەندنەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کرد لە شەڕی داعشدا کە بە سەرکەوتوانە توانیویانە لە هەموو بەرەکانى شەڕدا داعش تێک بشکێنن.
(ئالان گیپخان)، کونسووڵى فەرەنسا، زۆر سوپاسى گەلى کورد و حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، کە بوونەتە بەربەستێکى پۆڵایین لە بەردەم تیرۆریستاندا، سەبارەت بە ئازادکردنى شنگال، گیپخات بەسەرکەوتنێکى گەورەى زانى و ڕۆڵى سەرۆک بارزانیشى بەرز نرخان لە کۆى کێشەکانى ناوچەکەدا.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
