هێمن هەورامى: سەرۆک بارزانى ئەندازیارى ئاشتى و بگۆڕى نەخشەى سیاسى و جیۆپۆلیتیکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە

ههولێر-KDP.info- هێمن ههورامی له كۆربهر فاوهندهیشن رایگهیاند كه سەرۆک بارزانى ئەندازیارى ئاشتى و بگۆڕى نەخشەى سیاسى و جیۆپۆلیتیکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. (ئایکان ئەردەمیل) سیاسەتمەدارى وڵاتى تورکیایش رایگهیاند جێگەى سەرەنجە کە ماوەیەکە ناوەندە لێکۆڵەرە جیهانییەکان گرنگییەکى گەورە دەدەن بە سیاسەتى پارتىی دیموکراتى کوردستان لەبەر ئەوەى سیاسەتێکى ڕاست و ڕوونى هەیە بە سەرۆکایەتى (مەسعود بارزانى) و هەر ئەو سیاسەتە درووستەیش بووە کە واى کردووە گەلى کورد و نەتەوەکانى دیکە و پەیڕەوانى ئایین و ئایینزاکانى هەرێمى کوردستان بپارێزرێن و لە لایەن وڵاتانەوە بە گرنگ هەژمار بکرێن.
دامەزراوەى کۆربەر فاوەندەیشن کە دامەزراوەیەکى جیهانییە و دیدێکى هزرى و ئەکادیمی بۆ پێشهاتە گرنگەکان و تیرۆرى جیهانی هەیە و بە گفتوگۆ بە دواى چارەسەرەکانەوەیە. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەم دامەزراوە جیهانییە میواندارى نوێنەرانى پارتە سیاسییەکان و ناوەندە گەورە بڕیاردەرەکان دەکات بۆ قسەرکردن لەسەر ناوچە و وڵاتەکانیان.
دامەزراوەى کۆربەر فاوەندەیشن ڕۆژى (2/12/2015)ى زایینى لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى، بە ئامادەبوونى زیاتر لە 300 ئەکادیمى و سیاسەتمەدار و مامۆستاى زانکۆ، کۆنفرانسێکى ساز دا و پانێڵێکى کۆنفرانسەکەى تایبەت کردبوو بە سەربەخۆیى کوردستان و هەر بۆیەیش دامەزراوەکە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پرسە، میواندارى (هێمن هەورامى) ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان و (ئایکان ئەردەمیل)، سیاسەتمەدارى وڵاتى تورکیا کردبوو.
سەرەتاى پانێلەکە (نورامیلەر) کە ئەندامێکى دیارى کۆڕبەر فاوەندەیشنە، باسى لەوە کرد کە "ئەمە یەکەمجارە ناوەندێکەمان وەک ناوەندێکى گرنگى جیهانى، قسە لەسەر سەربەخۆى کوردستان دەکات." پاشان نورامیلەر کورتەیەکى لەسەر مێژووى کورد وەک نەتەوەیەکى خاوەن خاک و تایبەتمەندى پێشکەش کرد و گوتى: "ئەم گەلە بۆ پاراستنى ئەم تایبەتمەندیانە، بە دڕیژایى مێژوو خەباتى کردووە و لە هەوڵى دروستکردنى کیانێکى سەربەخۆی داوە." پاشان (هێمن هەورامى) وەک سیاسەتمەدار و نوێنەرى گەورەترین پارتى کوردى لە باشوورى کوردستان ناساند بە ئامادەبووان تا قسە لەسەر پرسى سەربەخۆیى گەلەکەى بکات. سەرەتا هەورامى چوارچێوەى باسەکەى خۆى کە لە چەند تەوەر پێک هاتبوو، دیار کرد و دواتر کەوتە باسکردنى تەوەرەکان:
پرسى کورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا:
هێمن هەورامى باسى گرنگى ئاشتى بۆ گەلى کورد کرد کە لەوەتەى هەیە خەبات دەکات بۆ ژیانێکى ئاشتیانە و بەدوور لە هەر توندوتیژییەک و هەر لەم پێناوەیشدا دنیایەک خوێنى ڕشتووەو قوربانى داوە. هەورامى باسى پێگەى کوردى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد و وەک گەلێکى کاریگەرى هەژمار کرد و گوتى: "کورد وەک گەلێکى بەشخوراو، هێزێکى کاریگەرە لە گۆڕانکارییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لەم ماوەیەشدا بۆ هەموو دنیاى دەرخست کە ئەوە تەنیا کوردە، تەنیا ئەم گەلەیە کە لەسەر زەوى و ڕاستەوخۆ دژى تیرۆریستییەکان شەڕ دەکات. ئەمەیش وا دەکات کە لە داهاتوودا قسەى گەلى کورد گرنگ هەژمار بکرێت و پێویستە هێزى کارا بێت بۆ بڕیاردان لەسەر ناوچەکە."
دواتر ئەم ئەندامەى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان باسى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا و تێڕوانینى هەرێمى کوردستان کرد بۆ پرسە ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتە و گوتى: "کێشە و پرسى کورد لە وڵاتى تورکیا بە چەک و شەڕ چارەسەر نابێت و شەڕى کورد و تورک جگە لە زەرەر بۆ ئەو وڵاتە و ناوچەکە چی دیکەى لێ سەوز نابێت، بۆیە ئاشتى و چارەسەرى ئاشتیانە و دایەلۆگ دواچانسە بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانە و ئێمە وەک هەرێمى کوردستان و وەک سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، بەردەوام جەختمان لەسەر ئاشتى و دایەلۆگ کردووەتەوە و ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەیش هەر لە هەرێمى کوردستانەوە سەرى هەڵدا و واى لە تورکیا کرد کە ڕوانگەى بۆ کورد لە بەشەکانى دیکە بگۆڕێت و بێتە سەر مێزى گفتوگۆ و تەنانەت ئاڵوگۆڕى بازرگانیشى لەگەڵ بکات." هەروەها هەورامى سەرۆک بارزانى بە ئەندازیارى ئاشتى و بگۆڕى نەخشەى سیاسى و جیۆپۆلیتیکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە وەسف کرد. هێمن هەورامى باسى شکست و نووشوستى هەردوو دەوڵەتى عێراق و سووریا کرد کە چیتر ناکرێت لەو چوارچێوەیە بمێننەوە و ئیتر عێراق و سووریاکەى جاران نەماون و پێویست بە پێداچوونەوەى جددى بە سیاسەت و سنوورەکان دەبێت و ئاڵوگۆڕى گەورەیش بەڕێوەیە.
گەلى کورد و پرسى سەربەخۆیی:
مەبەستى هێمن هەورامى لە باسکردنى ئەو پرسانەى سەرەوە، قسەکردن بوو لەسەر سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان و باسى ئەو فاکتەرە بەهێزانەى کرد کە بوونەتە هۆى ئاواکردنێکى وڵاتێکى سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک فاکتەرى ئابوورى و سیاسى و سەربازى. "لەو ڕوویانەیشەوە هەرێمى کوردستان پێشکەوتنێکى گەورەى بە خۆیەوە بینیوە و لە ماوەى ڕابردوو تەنیا ئەوە هەرێمى کوردستان بووە کە توانیویەتى پێکەوە ژیانى ئایینى و نەتەوەیی بۆ هەموولایەک بڕەخسێنێت و نموونەیەکى بەرزتر و باشتر لە فیدراڵى بخاتە ڕوو."
هەورامى باسى سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى بەرامبەر تیرۆریستان کرد و گوتى: "ئەوە هێزى پێشمەرگە بوو کە سەلماندی یەکەمین هێزە لەسەر زەوى توانیویەتى شکست بە تیرۆریستانى داعش بهێنێت لە کاتێکدا دەستیان کردووە بە دوو بەشى گەورەى هەردوو وڵاتى سووریا و عێراق و ئازادکردنى شارى شنگال بە سەرپەرشتیا جەنابى سەرۆک بارزانى و بەهاوپەیمانى وڵاتان دژى تیرۆریستان وەرچەرخانێکى مێژوویی بوو لە کردەى سەربازى ناوچەکە."
دواتر و لە کۆتایی قسەکانیدا، هێمن هەورامى سوپاسى وڵاتانى هاوپەیمانى کرد کە هاوکارى هێزى پێشمەرگە و گەلى کورد بوونە لە باشوورى کوردستان و سوپاسى ئەڵمانیاى کرد کە زیاتر هاوکارى هێزى پێشمەرگەى کوردستانى کردووە بە دابینکردنى چەک و تەقەمەنی.
ئەردەمیل: پارتى سیاسەتێکى ڕوونى هەیە
دواتر (ئایکان ئەردەمیل) سیاسەتمەدارى وڵاتى تورکیا کە وەک کەسى دووەمى گفتوگۆکەرى پانێلەکە قسەى کرد، گوتى: "هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتى تورکیا گرنگییەکى تایبەتى هەیە و مافى خۆیانە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن."
ئەردەمیل، باسى لەوە کرد جێگەى سەرەنجە کە ماوەیەکە ناوەندە لێکۆڵەرە جیهانییەکان گرنگییەکى گەورە دەدەن بە سیاسەتى پارتىی دیموکراتى کوردستان لەبەر ئەوەى سیاسەتێکى ڕاست و ڕوونى هەیە بە سەرۆکایەتى (مەسعود بارزانى) و هەر ئەو سیاسەتە درووستەیش بووە کە واى کردووە گەلى کورد و نەتەوەکانى دیکە و پەیڕەوانى ئایین و ئایینزاکانى هەرێمى کوردستان بپارێزرێن و لە لایەن وڵاتانەوە بە گرنگ هەژمار بکرێن.
سەنگەر هەورامى

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
