٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

"پێشمەرگە، فریشتەی نەجاتی ئینسانییەتە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی سیریزای یۆنانی، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، وێڕای ئەوەی كە بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كورستان خۆشحاڵ بوو، ڕایگەیاند كە ئەم هێزە قارەمانە، بووەتە فریشتەی نەجاتی ئینسانییەت لە ناوچەكەدا.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیی لە شاندێكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی پارتیی سیریزای فەرمانڕەوای یۆنان كرد، كە پێك هاتبوون لە (سۆفیا جێجیكۆ) بەرپرسی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی سیریزا و جێگیری سەرۆكی كۆمیتەی یونسێف لە یۆنان و (تاناسیس كۆرتیس) بەرپرسی دێسكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی ناوبراو.

(هەورامی) وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە سەردانەكەی شاندی پارتیی سیریزای یۆنانی بۆ  پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پارتیی سیریزای لە دواهەڵبژاردنەكانی گشتی وڵاتەكانیان كرد و، هیوای خواست لە چوارچێوەی حكومڕانیەتی پارتییەكەیان پەیوەندییەكانی نێوانیان پتەوتر بكەن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی هەروەها داوای لە پارتیی سیریزای یۆنانی كرد، كە هەوڵ بدرێت هاوكاری و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، (هەورامی) لە ڕێگای پارتیی فەرمانڕەوای یۆنانەوە داوای كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەیانی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەمەیش بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لە هەموو ڕووەكانەوە.

(جێجیكۆ) لایەی خۆیەوە زۆر سوپاسی (هێمن هەورامی) كرد لە جۆنیەتیی پێشوازیكردنەكەیان، هەروەها بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كورستان زۆر خۆشحاڵە و ئەوەی دركاند كە ئەم هێزە قارەمانە بووەتە فریشتەی نەجاتی ئینسانیەت لە ناوچەكەدا. دواجار هەردوولا هیوای بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوانیان خۆاست.
سه‌نگه‌ر هه‌ورامی

هەواڵی پەیوەندیدار