٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

"گۆڕان پێچەوانەی دروشمەکانی مەکینە سیاسییەکەی خستووەتە گەڕ"

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- لقی 20ـی پارتی دیموکراتی کوردستان (لقی شێخان) لە 29/10/2015 سیمینارێکی سیاسی کراوەیان بۆ هێمن هەورامی ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی ساز کرد، مەبەست لە سیمینارەکەیش قسەکردن بوو لەسەر دواپێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی بەرچاو لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی و فەرمانبەرانی یەکە ئیدارییەکانی ئەو سنوورە.

هێمن هەورامی لە سەرەتای سیمینارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو بارە نەخوازراوەی ئێستای هەرێمی کوردستان و، کێشە ناوخۆی بە بەربەستێکی هەرەگەورە زانی. هەورامی باسی ئاژاوەکەی چەند حەفتە لەمەوبەری پارێزگای سلێمانی کرد، کە ڕوون بووەوە بزووتنەوەی گۆڕان پێچەوانەی دروشمەکانی مەکینە سیاسییەکەی خستووەتە گەڕ؛ ئەوەتا نەیانتوانی چوار ساڵ ئارامی و خزمەتگوزاری لە هەرێمی کوردستان پێشکەش بكات، کەچی چەند جومگەیەکی گرینگی حکوومەتیان بە دەستەوە بوو؛ کەوتنە هەڵەوە، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ببنە مایەی خەیر و، خۆشی بۆ هاووڵاتییان، خەریک بوو بە هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتیان، ڕێگە بۆ سیاسەتی خۆیان خۆش بکەن! ئەوە بوو پارتی دیموکراتی کوردستان لێیان هاتە دەنگ و، بە ڕێکاری سیاسی و یاسایی، لێ ناگەڕێت لایەنەکی سیاسی خەڵکی کوردستان بکەنە پەیژەی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
هەورامی باسی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە ئا وەها شەڕی داعش دەکا؛ بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکەی چەند ڕۆژ لەمەوبەری حەویجە سەلماندی هەرێمی کوردستان چەندە بەهێزە لە شکاندی داعشدا.
وەک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی باسی کرد لە سەرەتای پەیدابوونی داعشەوە تەنها سەرۆک و فەرماندە چاونەترسەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانن بە هاوکاری هاوپەیمانان توانیویانە ئەم دەوڵەتە تیرۆریستییە لە گەشە بخه‌ن؛ هەورامی ئەمەی بە حوکمڕانی و ستراتیژییەتی حزبەکەی زانی و، دەیشڵێت هەندێک لایەن لە مومارەسەی حوکمڕانیدا نەک ساوان بەڵکو هەرزەکارانە حوکمڕانیان کرد و، نەگەیشتنە باڵای پارتی، بۆیە ویستیان پارتی بهێنە ئاستە بچکولەکەی خۆیان. بەڵام ئەوەیان بیر چووە کە پارتی خاوەن ئەقڵێکی گونجێنراوە کە هەوێنی هەموو سەردەمەکانی شۆڕش و حوکمڕانییەکە بۆ گەلی کورد؛ حوکمی هەرزەکارانە کوردستان بەرەو پاشەوە دەبات. هەروەها باسی ئایندەی هەرێمی کوردستان کرد و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە پارتی ئامادەیە بچێتە ژێر هەر بارێکەوە کە خزمەت بە هەرێمی کوردستان بکات و، بەرپرسیارانە هاوکار قبووڵ دەکات بۆ حوکمی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی سیمینارەکەدا هەورامی باسی لەو هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمیانە کرد کە لە ناوچەکەدا خەریکی بەرژەوەندخوازی و بلۆکبەندیدان، ئێمە پشتی هەموو هێزێک دەکەین کە بۆ سڕینەوەی داعش هاتبێتە ناوچەکە و بە کوردستانیبوونی خۆمانەوە بەشدار دەبین لە هەر پلانێکی سیاسی و سەربازی کە هاوتەریبی بەرژەوەندیی گەلی کورد و کوردستانیان بێت.

سه‌نگه‌ر هه‌ورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار