٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
ديمانە و ووتارەکاني سەرۆک بارزاني

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ 14هەمین كۆنگرەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بۆ یەكێتی قوتابیانی كوردستان سڵاوتان لێ بێت
بە بۆنەی بەستنی چواردەهەمین كۆنگرەتانەوە وێرای گەرمترین پیرۆزبایم لە قوتابیانی كوردستان بە گشتی و یەكە یەكەی ئەندامانی كۆنگرە، داوای سەركەوتنی كۆنگرەتان بۆ دەكەم بەو هیوایەی بڕیارو راسپاردەكەتانتان وەڵامدانەوەی خواستی قۆناغ و سەردەمی ئەمڕۆی بزاڤی قوتابیانی كوردستان بێت، یەكێتییەكەتان بە درێژایی نزیك لە شەست ساڵی تەمەنییەوە خەبات و تێكۆشانێكی بەرچاوی هەبووە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان بە گشتی بزاڤی قوتابیانی كوردستان بە تایبەتی، رێگایەكی سەخت و دژواری بڕیوەو قوربانییەكی زۆریشی لە قۆناغە جیاجیاكاندا داوەو لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە پیشەیی و نەتەوەیی و نیشتیمانیەكاندا، بەرتەقای ئەو قوربانیانەشی دەستكەوتێكی زۆر و گرنگ و پڕ بەهای بۆ گەل و قوتابیانی كوردستان هەبووە لەمەو دوا چاوەڕێی دەستكەوتی زیاترتان لێ دەكرێت، بێگومان بەستنی كۆنگرە پرۆسەیەكە بۆ پێداچوونەوە بەكارو كارنامەی هەر رێكخراوێك لە نێوان دوو قۆناغ و هەڵسەنگاندنیان، بۆ رێكخراوەكەی ئێوەی ئازیزیش نوێ بوونەوەیەكە، هیوادارم هەڵسەنگاندنتان بابەتیانە ئەنجام بدەن و بەدیدێكی كراوەو بە جورئەتەوە پەنجەبخەنە سەر خاڵە لاوازەكان و كەموكوڕییەكانی دەستنیشان بكەن بەمەبەستی گۆڕینیان بۆ خاڵی بەهێزو نەهێلانی كەموكوڕییەكان لە قوناغی نوێتاندا لە پێناو گێرانی رۆڵێكی كاریگەرتر لە خەباتی ئەمڕۆمان كە پەرەدانە بە رەوتی دیموكراتییەت و پاراستنی دەستكەوتەكانی لە لایەك و خزمەتكردنی توێژی قوتابیان و پێشخستنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بە ئاراستەیەكی روو لە هەورازو سەردەمیانە لە لایەكی دیكەوە.
هیوادارم كۆنگرەتان لە كەشوهەوایەكی ئازاددا بەڕێوەبچێت لە هەڵبژاردنێكی تەواو ئازاددا نوێنەرانی خۆتان بۆ سەركردایەتی كردنی رێكخراوەكەتان بۆ قۆناغی داهاتوو هەڵبژێرن، سەركردایەتییەك جێی متمانەی ئێوەی خۆشەویست بێت لە توانای گرتنەئەستۆی كارو ئەرك و بەرپرسیارێتی یەكێتییەكەتان و بە جێ گەیاندنی كارنامەی نوێتان بێت كە پێویستە ئەم كۆنگرەیەتان بكەنە وێزگەیەكی نوێ لە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی كاركردنی ئەوتۆ لە رێكخراوەیی كە هاوئاست بێت لەگەڵ پێشكەوتنی هەمەلایەنەی سەردەمی ئەمڕۆمان.
دووبارە سەركەوتوو بێت كۆنگرەكەتان
مسعود بارزانی
3ی تشرینی دووەمی 2012

هەواڵی پەیوەندیدار