٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

ئەمەریکا سه‌ره‌خۆشیی له ‌پارتی كرد و ئیدانه‌ی توندوتیژییه‌كانیشی كرد

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیەکی نێوان کونسوڵی ئەمەریکا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، کونسوڵی ئەمەریکا هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆیان لە پارتیی دیموکراتی کوردستان کرد، بۆ ئەو په‌لامار و هێرشانەی سەر بارەگاکانی پارتی. هەروەها کونسوڵی ئەمەریکا ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەکەن کە ببێتە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژی 13/10/2015ـدا کونسوڵی ئەمەریکا مەتایەس میتمان، سەردانی  پەیوەندییەکانی درەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ پەرپرسی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هێمن هەورامی کۆ بوویەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هێمن هەورامی ئاماژەی بە ڕەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان بۆ وەفدی میوان کرد و ڕایگەیاند: ئەو پشێوی و نائارامیەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای سلێمانی ڕووی دا، کاری گروپێکی تایبەت بوو کە ئەو خۆپیشاندانەی لەلایەن هاووڵاتی ئەو ناوچانەوە بۆ داوای مافەکانی خۆیان ئەنجام درا بەلاڕێدا برا و توندوتیژیی لێ کەوتەوە.

هێمن هەورامی ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە پارتی لەو توندوتیژیانەی کە لە پارێزگای سلێمانی ڕوی دا قوربانیی یەکەم بووە چونکە 2 شەهید و دەیان برینداری هەبووە، 6 بارەگایشی لێ سووتێنراوە و تاڵان کراوە.

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی درەوەی پارتی ڕونیشی کردەوە کە ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرانبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی پابەندنەبوونی ئەو ڕێکەوتنەوە بووە کە پارتی و گۆڕان لەسەر مەسەلەی پێکهێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەت کردبوو.

هێمن هەورامی ئاماژەیشی بەوە دا کە گۆڕان پاش شکستهێنانی لە مومارەسەی حوکمداری و دژایەتیکردنی پارتی لە ڕێگای کودەتای دیموکراسییەوە، یارییەکەی بردە گۆڕەپانی جەماوەرییەوە و هەموو ئامانجیشیان لێدانی پارتی بوو.

لە بەرانبەردا کونسوڵی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان خۆشحاڵن بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، سەبارەت بەو شەهید و بریندارانەی کەلە ئەنجامی پەلاماردانی سەر بارەگاکانی پارتی ئەنجام دراون.

کونسوڵی ئەمەریکا ئیدانەی هەر جۆرە توندوتیژییەکیشی کرد کە لە هەرێمی کوردستان دا دروست بێت و، ببێتە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و، ئاماژەیشی بەوە دا کە بەلاڕێدابردن بەشێک نییە لە کولتووری هەرێمی کوردستان.

مەتایەس میتمان، جەختیشی لەسەر گفتوگۆی بەردەوام بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان لایەنەکانی هەرێم کردەوە و، ڕونیشی کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت دەستی دەرەکی دەست وەربداتە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار