٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هه‌ورامی: سازان و گەڕانەوە بۆ میللەت دوا بڕیارە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info-  هەورامی لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند لەم ململانییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەدا ئێمە شوێنکەوتووی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمانین. هەروەها سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوە ئەندامەی سەرکردایەتی پێی وایە نابێت شکێنەری ئەو واقعەی عێراق بین کە بووەتە سێ پارچەوە و چابوونەوەی ئەستەمە بەم ئەقڵانەی نێو حکوومەتی ناوەندەوە.

ڕۆژی 7/10/2015 بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون و تاوتوێکردنی دواپێشهاتەکانی ناوچەکە، پێشوازی لە (یارۆسواڤ ڕیف)، سەرکونسوڵی کۆماری چیک کرد.

هێمن هەورامی بەناوی سەرکردایەتی پارتی سوپاسی هاوکارییە هەمەلایەنەکانی وڵات و گەلی چیکی کرد، هەورامی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەی ئا لەم ڕەوشە سیاسی و سەربازییەی ناوچەکە بە گرینگ زانی و، دوا هەڵوێستی پارتیی دیموکراتی کوردستانی لەسەر کۆی پرسەکانی پەیوەست بە ناوچەکە و عێراق و سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی چیگی تاوتوێ کرد.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی ستراتیژییەتی حزبەکەی بەستەوە بەو میکانزمانەی کە وڵاتان بۆ شکستی داعش و گەڕانەوەی سەقامگیری و چەسپاندنی چەمکی دیموکراسی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی پراکتیکی ئەنجام دەدرێن، هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئێمە لە کوردستانەوە و دیدگای بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و پاراستنی نیشتیمانەوە لە جۆری هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەنواڕین و شوێنکەوتووی بەژەوەندی و مافەکانی خۆمانین بەلەناوبردنی تیرۆریستان و چەسپاندنی دیموکراسی لە ناوچەکەدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەورامی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: "وەسیلەیەکی پێکەوەبوون بەدی ناکەین و ناشمانەوێت خۆمان لەو واقعەی کە ئێستا عێراقی کردووەتە سێ پارچە لا بدەین."
هەورامی سەبارەت بە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا وتی: "ئێمە قوربانییەکی زۆرمان داوە بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێکی فیدراڵی خاوەن یاسا، بەڵام بەشێک نابین لەو شکستانەی بەغدا، چونکە بەشێک نەبووین لە بڕیاری."

لە دیوێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەورامی باسی لە ڕەوشی سیاسی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و، ڕایگەیاند: "ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان لە رێڕەوی پێشکەوتنەکان بوەستێت و، بەرژەوەندیی حزبی ببێتە جێگرەوەی دەنگی خەڵکی و دیموکراسییەت تەنها لە چەند لایەنێک کۆبکرێتەوە، سازان و گەڕانەوە بۆ میللەت دوابڕیارە."
یارۆسواڤ ڕیف کونسوڵی چیک بە سەرسوڕمانەوە باسی لەو پێگەیە کرد کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە، ناوبراو سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و داڵدەدانی دووملیۆن ئاوارە و ئەو ڕەوشە داراییەی کە هەیە، بە خۆڕاگری و نەبەردیی گەلی کورد و پێشمەرگە زانی. هیوای خواست هەرێمی کوردستان لە پێشکەوتنەکانیدا بەردەوام بێت و ڕۆڵگێڕەڕێکی ئیجابی بێت لە پرسەکاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار