٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هه‌ورامی: عێراق بە کردار دابەش بووه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info-  هێمن هه‌ورامی له ‌پێشوازیی سەركونسووڵی ڕووسیا له‌ هه‌ولێر ڕایگه‌یاند كه‌ عێراق به‌ كردار دابه‌ش بووه‌ و ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ حكوومه‌تێك له‌ به‌غداوه‌ بتواتێت ئیداره‌ی مووسڵ و ڕومادی و به‌سڕه‌ بكات.

بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و خستنەڕووی هەڵوێستی پارتیی دیموکراتی کوردستان و لەسەر کۆی ڕووداو و هاوکێشەکانی ناوچەکە ڤیکتور سیماکوڤ سەرکونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر سەردانی پەیوەندییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانی کرد.

کونسوڵی ڕوسیا وێڕای بەرز نرخاندنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان و چوونەپێشی پەیوەندییەکانی ڕوسیا و هەرێمی کوردستان، پوختەیەکی لەسەر کارو بەرنامەی کونسوڵخانەکەیانی خسەڕوو و، لەسەر چەند پرسێکی ناوچەکەش سیاسەتی وڵاتەکەی شیکردەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەسەر چەندین تەوەر و سیاسەت و هەڵوێستی پارتیی دیموکراتی کوردستانی خستەڕوو. هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەر هەوڵێکی ڕوسیا دەکات بۆ شەڕی داعش و، هیوایشی خواست کە بە هەماهەنگیی ئەمەریکا و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتی شەڕی دژی داعش بە کردەوە پشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگرن، چونکە پێشمەرگە تاکە هێزە کە توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێک بشکێنێت و ٢٧هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لێ پاک بکاتەوە. هێمن هەورامی ئاماژە بەوە دەکات کە، نابێت شەڕی تیرۆر بۆ ململانێی جیۆپۆلەتیکی بەکار بێت و، دەبێت ئیجماعێکی نێودەوڵەتی لە شەڕی داعش هەبێت.

سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای عێراقیش، هێمن هەوارمی ئەوەی خستەڕوو کە ئێستا عێراق بە کردار دابەش بووە و، ئەستەمە جارێکی دیکە حکوومەتێک بتوانێت لە بەغداوە ئیدارەی مووسڵ و ڕومادی و بەسرە بکات، بۆیە پێویستە بیر لە فۆڕمێکی نوێ بکرێتەوە.

سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی هەڵوێستی پارتی زۆر بەڕوونی خستەڕوو و ئاماژەی دا کە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە کە بە سازان لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن.

هێمن هەورامی ئاماژەیشی دا کە پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە بکرێت و بۆ هاوسەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکەش، دەبێت سەرۆکی هەرێم چەند دەسەڵاتێکی هەبێت، نەک تەنیا تەشریفاتی و دەرکردنی مەرسووم بێت.

دواتر لەسەر مەسەلەی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی ئێستای سووریا و ڕەوشی باکووری کوردستان و پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان بە گشتی و، سیاسەت و پێگە و ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی شیکردنەوەی پێویست خرایە ڕوو.

هەواڵی پەیوەندیدار