٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: پارتی دەیەوێت گەل سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، پارتی وای پێ باشە پرسەكان بە سازان یەكلایی بكرێنەوە؛ جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە گەل خۆی سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت چونكە بەو شێوەیە كەلتووری دیموكراسی باشتر لە هەرێمی كوردستان دەچەسپێت.

(هێمن هەورامی) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە وەلید قەزاز كونسوڵی كاربەڕێكەی ئوردن  لە هەولێر و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەی نێوان (هێمن هەورامی) و شاندی كونسوڵی ئوردن لە هەولێر،  هەورامی بەخێرهاتنی (وەلید قەزازی) كرد لە پوستە نوێیەكە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
هێمن هەورامی سوپاس سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستانی ئاراستەی گەل و حكوومەتی ئوردن و خاوەنشكۆ شا عەبدوڵا، پاشای ئەو وڵاتەی كرد، كە هەر لە سەرەتای شەڕی تیرۆرستانی داعشەوە هاوڕێ و پاڵپشتێكی باشی هەرێمی كوردستان بوون.
سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، (هێمن هەورامی) هەڵوێستی پارتیی بە ڕوونی خستە ڕوو كە بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن گەلەوە، چونكە ئەم میكانیزمە بواری دیموكراسی و بەشداری سیاسی زیاتر بە هاووڵاتیان دەدات و كەلتووری دیموكراسی باشتر دەچەسپێنێت.
(هەورامی) ڕوونی كردەوە كە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بە سازان پرسەكان یەكلایی بكرێنەوە؛ چونكە پارتی هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی و سازاندایە و پێی وایە ئەگەر پارتە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێكەوتن لە سەر میكانیزمی دەستنیشانكردنی سەرۆكی هەرێم ئەوا باشترین بژاردە گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل.
لە بەرانبەردا  كونسوڵی كاربەڕێكەر شانشینی ئوردن لە هەولێر (وەلید قەزاز) سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆردا لە خاڵی پێشەوەی بەرگریدان و دووپاتیشی كردەوە كە ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان.
وەلید قەزاز بەرەو پێشەوە چوون و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستان  بە جێگەی بایەخی هەمولایەك،  بەتایبەتی ئوردن دانا.
كونسوڵی كاربەڕێكەر ئوردن لە هەولێر ڕوونیشی كردەوە كە پرۆسەی دیموكراسی و هەڵوێستی هەرێم و هێزی پێشمەرگە كوردستان جێگەی ڕێز و پێزانینە و، دۆستایەتییەکەی نیوان شا عەبدوڵا و سەرۆك بارزانییش پەیوەندییەكی مێژینەیە و گرنگە هەردوو لا پەرەی پێ بدەبن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار