كورد ئامرازی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا.. دەوڵەت مافێكی سرووشتیی میللەتە

هەولێر-KDP.info- (شێركۆ حەبیب) ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە قاهیرە ڕایدەگەیێنێت، رووداوەكان ئەوەیان سەلماند كە حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نابێت، ئەمەیش وای كرد كورد داوای سەربەخۆیی بكات لە رێگای ریفراندۆم و، بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت. دەشڵێت، كورد ئامرازی سەقامگیری و هێورییە لە ناوچەكەدا و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانیش، مافێكی سرووشتیی میللەتی كوردە.
بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و هێز و حزبە سیاسییەكانی میسر و لە چوارچێوەی چالاكییەكانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، (شێركۆ حەبیب) ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە قاهیرە لە بارەگای حزبی تەجەموعی میسری لە لایەن (محەممەد فەرەج) ئەمینداری یاریدەری تەجەموعی میسری و (عاتف مغاوری) جێگری سەرۆكی حزبی تەجەموعی میسری، (ئەحمەد بەهادین شەعبان) ئەمینداری گشتیی حزبی ئیشتراكی میسری (سەڵاح عدلی) سكرتێری گشتیی حزبی شیوعی میسری، (عەلا عیسام) ئەندامی حزبی تەجەموع و ئەندامی یەكێتیی لاوانی نەتەوەیی، (هەیسەم ئەلشەرابی) لە حزبی تەجەموع، (عومەر وهبە) سەرۆكی بەشی ئابووری لە رۆژنامەی ئەلئەهالی، پێشوازی لێ كرا.
ئامادە بووان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەم دیدارە دەربڕی كە لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەمڕۆی كوردستان بن و، ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەیش سڵاوی سەركردایەتیی پارتی گەیاندە ئامادەبووان، پاشان دواپێشهاتەكانی كوردستان و ناوچەكە باسی لێوە كرا و بۆ چوونەكانی پارتی سەبارەت بە بارودۆخی ئیستای كوردستان بۆ ئامادەبووان خرایە بەرباسەوە، هەروەها تێرَوانینی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش سەبارەت بە بارودۆخی هەرێم و پرسی سەرۆكی هەرێم بۆ ئامادەبووان روون كرایەوە و، ئاماژە بە هەوڵەكانی پارتی سەبارەت بە سازان و پێكەوەژیان كرا.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بۆچوونەكانی پارتی سەبارەت بە پرسی سەرۆكی هەرێم بە تێروتەسەلی ئاماژەی پێ درا كە پێویستە میللەت خاوەنی بڕیار بێت لە شێواز و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كە ئەمە مافێكی یاساییە و بنچینەیەكی سەرەكیی پرۆسەی دیموكراسییە.
هەروەها باس لە دابەشكردنی پۆستەكانی كوردستان و بەغدا كرا كە چۆن پارتی پابەندی سازان و حكوومەتی بنكەفراوانە، جگە لەوەیش باس لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و دیدی پارتی سەبارەت بە كێشەكان كرا كە پێویستە سەرجەم لایەنەكان پابەندی دەستوور بن.
(شیركۆ حەبیب) هەروەها ئاماژەی دا كە، كورد ئامرازی سەقامگیری و هێورییە لە ناوچەكەدا و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردییش مافێكی سرووشتیی میللەتی كوردە، بەڵام رووداوەكان ئەوەیەن سەلماند كە حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نابێت، ئەمەیش وای كرد كورد داوای سەربەخۆیی بكات لە رێگای ریفراندۆم و، بە شێوەیەكی ئاشتیانە دەوڵەتی خۆی رابگەیەنێت.
لە لایەن ئامادەبووانیشەوە رۆڵی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەرز نرخێندرا و ئاماژەیان بە ئازایەتی و قارەمانیەتیی پێشمەرگە كرد لە بەرەنگاربوونەی تیرۆریستان و بەرگریكردن لە دیموكراسی، هەروەها هیوایان خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو لایەنانە و پارتیی دیموكراتی كوردستان زیاتر بایەخی پێ بدرێت.
ئامادەبووان هەروەها چەند بۆچوون و پرسیارێكیان كرد، كە بە تێروتەسەلی وەڵامیان درایەوە.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
