٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

پارتی ده‌سته‌ڵاتداری به‌ریتانیا: پشتی گه‌لی كوردستان بەر نادەین

سەرچاوە: KDP.info

به‌ریتانیا -KDP.info- (هێمن هه‌ورامی) به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی پارتیی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی پارتی محافزەکارە ده‌سته‌ڵاتدارەکەی به‌ریتانیای كرد و له ‌دیداره‌كه‌دا پارتی ده‌سته‌ڵاتداری به‌ریتانیا پشتگیری لە هیزه‌كانی پێشمه‌رگەی‌ دووپات كرده‌وه‌.
دوێنى 31/7/2015 به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى پارتى به ‌یاوه‌ریى شاندێك سه‌ردانى حزبى محافزەکارە ده‌سته‌ڵاتدارەکەی به‌ریتانیای کرد و له‌لایه‌ن خاتوو (فلیپه‌ برووم) به‌رپرسى پێوه‌ندییه‌كانى حزبى محافزەکارەوە‌ پێشوازى كران.

خاتوو فلیپە زۆر بە گەرمی پێشوازی لە شاندەکەی پارتی کرد و، دڵخۆشیی خۆیشی لەو دیدارە نەشاردەوە؛ هێمن (هێمن هەورامی)ـیش سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەیانی کرد و، بە ناوی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکرادیەتیی پارتییەوە پیرۆزبایی لە حزبی محافزەکار کرد بە بۆنەی سەرکەوتن لە دوایین هەڵبژاردنەکەی بەریتانیادا و، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن. هەروەها بە ناوی جەنابی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستانەوە سوپاسی حکوومەت و گەلی بەریتانیای کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکوومەتی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان و، هیوای بەردەوامی و فراوانی ئەم هاوکاریانەی کرد و، ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی بەریتانیا و بە تایبەتی حزبی محافزەکاری بەرز نرخاند، کە ئەمە دووەم جارە لە مەینەت و ساتە دژوارەکان پشتی گەلی کوردستان دەگرن، لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی کۆڕەوەکەدا کە بەڕێز جۆن مێجەر سەرۆکوەزیران بوو، پشتیوانیی لە گەلی کوردستان کرد، ئیستایش لە شەڕی دژە تیرۆر پشتیوانی لە گەلی کوردستان دەکەن.
(هەورامی) لە درێژەی ئاخاوتنەکەی باسی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەو داعشەی کە لە سەرەتا توانییان چەند شوێنێک داگیر بکەن، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکوومەتەکەی مالیکی. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە سەرکەوتنەکان و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیان لە داعش پاک کردووەتەوە. ئەوەشی ڕاگەیاند کە پلانی هێزی پێشمەرگە ئەوەیە سەرجەم ناوچەکەیان لێ پاک بکاتەوە و پاشەکشەیان پێ بکات و، دوایان ببڕێتەوە. هەر لەم بارەیەوە هەورامی داوای پێداویستییەکی زیاتری سەربازیی بۆ ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێم کوردستاندا دراسەتی ئەو پێداویستیانە بکەن، هەروەها داوای کرد کە حکوومەتی بەریتانیا نەخۆشخانەیەکی گەڕۆک بۆ پێشمەرگەکان دابین بکات لە کوردستان بۆ چارەسەرکردنی زامدارەکان، یا لە یەک لە نەخۆشخانەکانی بەریتانیا چارەسەر بکرێن؛ پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا و وڵاتانی ناوچە و، ئاوارە و پەناهەندەکانی ڕوویان لە کوردستان کردووە و، چەندین بابەتی گرنگی پەیوەندار بە هەردوو لا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە باس و ڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
لە لای خۆیەوە خاتوو (فلیپە برووم) سەرسامی خۆی بەو ئازایەتی و قارەمانەتییەی پێشمەرگە دەربڕی، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پشتوانیکردنی دیموکراسیدا و، هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد خواست، دووپاتیشی کردەوە حزبی محافزەکار پشتی گەلی کوردستان بەر نادات. هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامی هاوکاری سەربازی و هاوکارییە مرۆییەکان کردەوە. سەبارەت بەو داواکاریانەش بەڵێنی دا کە لەگەڵ حکومەتەکەی باسی لێوە دەکەن و ئەوەی بتوانن کەمتەرخەمی ناکەن، هەروەها هیوای بەرەدەوامی و پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لای خواست و، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی  بە گرنگ و بایەخەوە باس کرد لە چەسپاندنی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.
سه‌نگه‌ر هه‌ورامی

هەواڵی پەیوەندیدار