٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

پارتى له‌ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆناڵدا: پێداگری لە سیاسەتی 'یەک عێراق'، به‌ واتای به‌رده‌وامیی ناسەقامگیرییه‌ لە ناوچەکەدا

سەرچاوە: KDP.info

نیویۆرك-KDP.info-  له ‌كۆنگره‌ی سۆسیال‌ئینته‌رناسیۆناڵدا كه‌ به‌ به‌شداریی پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌ نیویۆرك له‌ ئه‌مه‌ریكا ساز درا، دوێنێ سێشه‌ممه‌ (هێمن هه‌ورامی) په‌یامی پارتیی دیموكراتی كوردستانی پێشکەش کرد.

ده‌قى وتارى پارتیى دیموكراتى كوردستان له‌ کۆبوونەوەی (ئەنجوومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆناڵ) كه‌ له‌ 6 – 7 تەمووزی 2015 له‌ نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ نیویۆرک ساز درا.


بەڕێزان، شاندە بەڕێزەکان، خوشک و برایان..
سوپاس بۆ بانگهێشتکردنەکەتان بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی (ئەنجوومەنی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆناڵ) و ئەم دەرفەتە بۆ باسکردن لە بابەتێکی زۆر گرینگ: ئاسایشى جیهان، کە بابەتێکی زۆر هەستیاری پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەڵەتی بە گشتی. سەرەتا با پێتان ڕابگەیەنم کە بارودۆخی هەموو ناوچەکە، بە هەرێمی کورستان و خودی عێراق و سووریاوە زۆر ئاڵۆز و گرژە.
شەرەفمەندم لە بەردەمتان ئامادەم بۆ رووکردنەوەی بارودۆخی ئێستا. رێزدار جەنابی سەرۆک مه‌سعوود بارزانی سڵاوی گەرمی هەبوو بۆ ئەندامانی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆناڵ و هەموو بەشداربووەکان. لەم ساتەوەختەدا جەنابی سەرۆک بارزانی لە یەکێک لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگە لە نزیک مووسڵ.

بەشی یەکەم:
ئەمرۆ لە بارودۆخێکی پڕ تەحەددی و پڕ کاریگەر لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی کۆ بووینەتەوە، لە ماوەی چوار رۆژدا. 13 مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەستبەسەرداگرتنی خاکێکی زۆر لە لایەن رێکخراوێکی تیرۆریستی دڕندنەوە، بەتایبەتی لە مووسڵ کە هێشتا لەژێر دەستەڵاتیاندایه.
خوشک و برایان، هەروەکو رەنگە بزانن، ئەم رێکخراوە قێزەوەنە بە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) و بە داعش و دەوڵەتی ئیسلامیش ناسراوە.
تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەوانه‌ی ئاگایان لێ نەبووە، لە دوای چەند رۆژێک لە کەوتنی مووسڵ، بە سەدانهەزار خێزان بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵهاتن، کە لە دەرەنجام قەیرانێکی مرۆیی و بارگرانییەکی زۆر لەسەر هەرێم دروستبوو بەهۆی سنوورداریی سەرچاوەکانەوە.
ئێمە پەنایه‌كین بۆ نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابه‌ری ناوخۆیی كه‌ لە نێویاندا مەسیحی، ئێزدی و کورد و عەرەبى تێدان. کە ئێستا کۆی 28%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنن. بیهێننە پێش چاوتان دانیشتووانێک لە ماوەی چەند مانگێک بە 28% زیاد بکات، چۆن دەتوانرێت ئەو پێشهاتە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ ئەمانە مەسەلەی تەحەددیاتی مرۆیین، کە پێویستییان بە وەڵامدانەوە و پشتیوانیی دەستبەجێ هەیە. ئەمرۆ ئەم قەیرانە بەردەوامە و پێویست به‌ هاوكارى زیاتر ده‌كات.
جگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە، کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی تر یاخود تەحەددیێکی تریش بووەتەوە، ئەویش ڕووبەڕووبەنەوەی داعشە، کە مەترسیدارترین گرووپی تیرۆریستی سەر زەمینە.
داعش ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست کردووە. بەوەش لە هەریەکە لە عێراق، سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەراست بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی هەرێمی. هەروەها، داعش بەردەوامە لە راکێشانی هەزارەها چەکداری بیانی بۆ نێو ڕیزەکانی. هەربۆیە ئەمرۆ کۆبووینەتەوە کە پێویستە بە گوێرەی ئەو پێشهاتانە مامەڵە بکرێت و هەنگاو بنرێت.
بۆ ئەوەی هەنگاوی پراکتیکی بنرێت، دەبێت شیکردنەوەجو تێگەیشتنمان هەبێت کە بۆچی گرووپێکی توندڕەوی روخێنەری وەها جێگای خۆی کردەوە.
خوشک و برایان ئاماده‌بوو، هەروەکی پێشتر باس کرا، سەرهەڵدانی داعش بەهۆی هەوڵە نەزۆکەکانەوە بوو بۆ سەپاندنی عێراقێکی یەکگرتووی فاشیل بەسەر ناوچەکە، فەشەلی حوکمڕانیی مالیکی، بەرزیی رێژەی بێکاری، نەبوونی هیوای ریفۆرم، نەبوونی متمانە و هەماهەنگی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، ناکۆکییە تائیفییەکان بەهۆی سیاسەتە تائیفی و ئۆتۆکراتییەکانی حکوومەتی پێشووی عێراق ته‌شه‌نه‌یان سه‌ند، سوننەکان لە عێراق پەراوێز خران، دەستوور پشتگوێ خرا و کۆی گشتیی حوکمڕانییەکی فاشیل لە بەغدا کەشێکی لەباری دروست کرد بۆ توندڕەوی.
هەروەها، نەبوونی سوپایەکی نیشتیمانی لە عێراق و گۆڕینی بە هێزی چەکداری تائیفی پەلی کێشا بۆ ئەم بۆشاییە ئەمنییە. سوپای عێراقیش ناسرابوو بە ((سوپای دەنگدان)) بۆ مالیکی، بەتایبەتی پێکهێنرابوو بۆ بە ئاراستەبردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندیی مالیکی. رووخانی مووسڵ و کەوتنی رومادی لەم دواییە و زۆربوونی هێزەکانی (حشدی شعبی)، نیشانەی فەشەلی سوپایەکی نیشتیمانییە لە عێراق.
ئەمە هۆكارێکی تر بوو. یەكێکی تر لە هۆکارەکان کە کاریگەر بوو لە سەرهەڵدانی داعش، بریتی بوو لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق، کە کەشێکی لەباربوو بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش. جارێکی تر، ئەم کەشە دروست بوو لە دەرەنجامی کەنارخستنی سوننەکانەوە، ئەوەی بەهۆی زنجیرەیەک سیاسەتی فاشیلانەی حکوومەتەکانی عێراقەوە دروست بوو.
تەنانەت حکوومەتی ئێستای عێراقیش بە سەرۆکایەتی عەبادی بەڵێنەکانی خۆی نەبردووەتە سەر، هێشتا ڕێگری لە ناردنی پشکی دەستووری کوردستان لە بودجەی عێراق دەگرێت و ئەو رێککەوتننامە سیاسییەی جێبەجێ نەکردووە کە لەگەڵ سوننەکان و کوردی ئیمزایان کرد بۆ پێکهێنانی ئەم حکوومەتە. لەبەر ئەم هۆکارانەی سەرەوە، بۆچوونی ئێمە وایە کە داعش بەرهەمی فەشەلی سیستەمی حوکمڕانی عێراق و سوریایە.
بەر لە داگیرکردنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، سەرکردایەتیی کورستان حکوومەتی فیدراڵی عێراقی ئاگادار کردبووەوە لە کانوونی یەکەمی 2013 لە هەڕەشەکانی داعش لەسەر شارەکە و پێیانیان راگەیاندبوون کە ئامادەن پێشمەرگە بنێرن بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام بەداخەوە گوێیان بۆ هۆشدارییەکانمان نەگرت و پشتگوێیان خستن.
دوای شەش مانگ، لە 9 حوزەیرانی 2014، مووسڵ کەوتە دەستی چەکدارانی دڕندەی داعش. بە ماوەی چەند سه‌عاتێكدا، داعش لە رێکخراوێکی تیرۆریستی دڕندەوە بووە دەوڵەتێکی تیرۆریستی لەوەو پێش نەبیندراو.

بەشی دووه‌م:
...قۆناغی دواتر گەورەترین تەحەددییە، بەڵام گرینگترین هەنگاوە، ئەویش لەناوبردنی داعشە.
یەکەم هەنگاو بۆ لەناوبردنی داعش پێویستی بە ستراتیژییەکی سەربازی بەرفراوان هەیە لە کاتێکدا هەنگاوی دووەم پێویستی بە ستراتیژییەکی نێودەوڵەتی بە کۆمەڵ هەیە کە کار بکات بۆ لەناوبردنی داعش و، نەک ئیحتیواکردنی داعش. بەڵام بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوانە، دەبێت مەسەلە و کێشەکان بزانین و ددانیان پێدا بنێین و سەرچاوەی کێشەکانی وەک خۆیان ببینین نەک وەک ئەوەی دەمانەوێت. بەبێ ئەم ددانپێدانانە، هەر چارەسەرێک تەنها رەنگ و بۆیە ده‌بێ و عەمەلی نابێت. هەر هێزێک گەر بیەوێت کاریگەری هەبێت، دەبێت گۆڕانگاری لەسەر ئەرزی واقیع ئەنجام بدات.
ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ستراتیژێکی بەرفراوانمان بنیات ناوە بۆ ئەوەی بە دروستترین شێوە ڕووبەڕووی داعش ببینەوە. ستراتیژێک کە پێکدێت لە رێوشوێنی ئەمنیی بەرزتر و توندوتۆڵتر، ئۆپەراسیۆنی سەربازی، متمانەی جەماوەری، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشداریپێکردنی سیاسی بە حزبە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان و، لە هەموویشی گرینگتر، پلانێک بۆ لەباربردنی ئەو ئایدۆلۆژییە تیرۆریستییه‌ى كه‌ هەڵیانگرتووە. لەبەر ئەوەی وەک هەموومان دەزانین، ئەم جەنگە وەک هیچ جەنگێکی دیکە نییە، دەبێت پلانێک پەیڕەو بکەین کە بە باشترین شێوە بگونجێت.
نموونەکانی ئەم ستراتیژەیش فراوانە:
1-متمانەی جەماوەری: تەقینەوەکەی ئەم دواییە لە عەنکاوە و هەوڵی کردەوەی تیرۆریستی تر؛ پشتیوانی خێزانەکانیان و ئامادەییان بۆ یارمەتیدان.
2-هەماهەنگی و هاریکاریی جەماوەر: دایکێک بە ئاشکرا حاشای لە کوڕەکەی کرد لەبەر ئەوەی تێکەڵ بەو گرووپە بووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کورستان لەژێر سەرکردایەتیی بەڕێز مەسروور بارزانی توانی بە سەرکەوتووانە ئەم پەیوەندییه‌ بەهێزە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کورستان دروست بکات پشت بە ئه‌وان و ئەفسەری ئەمنیی پرۆفیشناڵ بۆ پاراستنی هەرێم ببەستێت. جا، بۆ شکستپێهێنان و لەناوبردنی داعش، دەکرێت بارودۆخی ئێستا دابەشی سەر دوو قۆناغ بکرێت: قۆناغی یەکەم ستراتیژییەکی سەربازییە و قۆناغی دووەمیش ستراتیژێکی کۆمەڵییە.
پێش هەموو شتێک، هەر هێزێکی شەڕکەر دەبێت ئامانجێکی هەبێت کە بۆی دەجەنگێت، هەروەکو ئەوەی پێشمەرگە دەجەنگێت بۆ پاراستنی هەرێمی کورستان و دانیشتووانەکەی و ئازادیی گەلەکەی.
خوشک و برایان، دەکرێت قۆناغی یەکەم زیاتر ورد بکرێتەوە، هەروەکو ئەوەی پێشمەرگە کردی. کاتێک داعش هێرشی کردە سەر ناوچەکانی کوردستان، پێشمەرگە میکانیزمێکی دەستبەجێی جێبەجێ کرد کە بریتی بوو لە سێ قۆناغ.
یەکەم، راگرتنی پێشڕەویی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان.
دووەم، پاشەکشەپێکردنی داعش و ئازادکردنەوەی ناوچە گیراوەکان.
سێیەم، لەناوبردنی داعش لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی.
بەم میکانیزمە، پێشمەرگە لە هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەم سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا.
قۆناغی سێیەم، بێگومان، پێشمەرگە ناتوانێت ئەمە بە تەنها بکات. ئەم هەنگاوەیان پێویستی بە هەوڵی کۆمەڵ و چەکی سەربازیی پێشکەوتوو هەیە. هەروەها، پێویستییەکی زۆر هەیە بە پشتیوانیی سەربازی و چەکی پێشکەوتوو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەمی ئەم میکانیزمە، کە لەناوبردنی داعشە. ئەمرۆ پێشمەرگە ئەو جۆر و سیستەمە چەکەیان نییە کە پێویستە بۆ کارکردن لەسەر قۆناغی سێیەم.
بەڵام شتێک هەیە کە هێزەکانی پێشمەرگە بە دەستی دەهێنن و ئەویش هۆکارێکە لەپێناویدا دەجەنگن: ئیرادەی جەنگانیان هەیە. لەوەتای هێرشەکانەوە، پێشمەرگە رێک خراونەتەوە و زۆرێک لەو ناوچانەیان وەرگرتووەته‌وه‌ لە داعش، ئەو ناوچانەی کە سەر بە کوردستانن. پێشمەرگەی ئێمە 20 هەزار کیلۆمه‌تر چوارگۆشەیان پاک کردووەتەوە و بەردەوام دەبین لەسەر هێڕشەکانمان هەتا داعش بە تەواوەتی تێک دەشکێت. ئەگەریش پشتیوانیی زیاتری زەمینیمان بدرێتێ لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە، ئەوا هێزەکانی پێشمەرگە دەتوانن سەرکەوتنی گەورەتر بە دەست بهێنن بەهۆی ئەو مەردایەتی و ئیرادەیەی هەیانە بۆ جەنگان لە دژی دڕندەیی و نادادپەروەری.
خوشک و برایان، ئێمە زۆر پێشمەرگەمان لە دەست داوە لەم جەنگەدا، کە ژمارەکەیان 1218 شەهیدە و 7 هەزاریش بریندارە.
هەروەکو لە رابردوو بینیومانە، نەبوونی ئیرادە بۆ جەنگان ناتوانێت لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتن بە دەست بهێنرێت، هەروەکو بەداخەوە لە سوپای عێراقی بینرا لە مووسڵ و رومادی.
داعش ناتوانرێت بەبێ کاردانەوەی بەکۆمەڵ لەناو ببردرێت، بەتایبەتی ئێستا کاتی خۆیەتی کە ستراتیژێکی بەکۆمەڵی بەرفراوانی نێودەوڵەتی هەبێت، کە پشتوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە بکات. پێشمەرگە تاکە هێزە لە دژی داعش دەجەنگێت لەسەر ئەرز و تاکە هێزە کە سەرکەوتوو بوون لە شکستپێهێنانی داعش.
لەبەر ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئێستا رۆڵی گرینگی پێشمەرگەی بۆ دەرکەوتووە و دەستیان کردووە بە بیرکردنەوە لە پێدانی چەکە پێویستەکان.
هەروەها، بۆ یارمەتیدان لەم قەیرانە، بەشدارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش رێگەیان داوە بە سوپاکانیان بۆ دابینکردنی پشتیوانیی ئاسمانی و کارکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام بۆ لێدانی هێڕشی ئاسمانی لە عێراق و سووریا وەک بەشێک لە ستراتیژی بەرفراوانی لاوازکردن و لەناوبردنی داعش.
خوشک و برایان، لەبیرمان نەچێت کە کەوتنی رومادی لە عێراق و کەوتنی تەدموور لە سووریا، بووە هۆی بەرزکردنەوەی مەعنەویات و ورەی داعش. هەروەها پەیامێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە نارد کە لەژێر کۆنترۆڵیدان کە ((ئێمە دەتوانین خۆمان ڕێک بخەینەوە و هێرش ئەنجام بدەین)). ئەوان ئەوەندە بە ئاسانی نابەزێندرێن، بەڵام بە ستراتیژێکی بەهێزی بەکۆمەڵ، داعشمان پێ لەناو دەچێت و دەتوانین ئەوە بکەین.

کۆتایی:
...ئۆپەراسیۆنی زەمینی و هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لە عێراق و سووریا بەردوام دەبێت تا ئەم گرووپە لەناو دەبرێت، چونکە داعش نەک هەر هەڕەشەیەکی هەرێمییە بەڵکو هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتییشە و بارودۆخەکە پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتییە.
بەڵام ئەمە دوژمنێکی هاوبەشە و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیشە. ئەرکی هەر دەوڵەتێکی ئازادیخوازە کە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانی دژەداعش و یارمەتی لەناوبردنی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بدات، چونکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەربۆیە ئەم کێشە تایبەتە پێویستی بە کاردانەوەیەکی بەهێزی یەکگرتووی نێودەوڵەتی هەیە.
سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە گۆڕاندان، زۆربوونی ژمارەی دەوڵەتە لاواز و فاشیل و هەرەسهێنراوەکان یارمەتی ئەم کەشە دەدەن کە توندڕوەی بۆ خۆی رادەکێشێت. سنوورەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراستی رەنگدانەوەی واقیعی نەتەوەکان و ئیرادەکانیان نین. کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە دەوڵەتێکی فاشیلی وەک عێڕاق. ئێمە وەکو کورد دەمانەوێت پرۆسەیەکی ئاشتیخوازانەمان بە رێکاری دیموکراسی هەبێت، ریفراندۆمێک لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و، یەکێتیی ئەورووپا و سۆشیالیست ئینتەرناشیۆناڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بۆ ئەوەی دەرفەت بدەین بە گەلی کوردستان خۆیان چارەنووسی خۆیان هەڵبژێرن.
هەروەکو قسەکانی بەڕێز مەسروور بارزانی دەڵێت: "ئیدی کاتیێتی جیهان بزانێت سیستەمیكی فاشیلی وەکو سیستەمی فاشیلی عێراق پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە و باوەڕبوون بەوەی عێراقێکی یەکگرتوو بە دەست دەهێنرێت، عەمەلی نییە."
خوشک و برایان، کورد پشتوانی کردووە لە عێراقێکی فیدراڵی دەستووری یەکگرتووی فڕەیی بەهێز، بەڵام ئەمە سەری نەگرت. کورستان لەژێر کۆنترۆلی کورددایە، ناوچەکانی سوننە لەژێرده‌ستی داعش و هێزەکانی شیعە و ناوچەکانی شیعەیش لەژێر دەستەڵاتی حشدی شه‌عبی.
حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیران بەڵێنی گەورەی داوە بۆ چارەسەرکردنی شتەکان، ده‌بێت دوای وشەکان کرداریش هه‌بێت. بەڵام پێویستە حکوومەتی عێراقیش ئەم واقیعە قبووڵ بکات و بەدوای چارەسەری دیکەدا بگەڕێت. ئێمە گوشار ناهێنین بۆ جیابوونەوەیەکی بەزۆر. ئێمە باسی "جیابوونەوەیەکی ئارەزوومەندانە" دەکەین.
هەروەها، هەرێمی کورستان سیستەمێکی حوکمڕانیی چالاك و شەرعیی هەیە، ئامانجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش بریتییە لە بەرەوپێشبردنی هەرێمەکەمان و جێبەجێکردنی ئیرادەی گەلەکەمان. هەروەک رەنگە بزانن، حکوومەتی هەرێمی کورستان ئیدارەیەکی ددانپێدانراوە کە حوکمی چوار پارێزگا دەکات. ئێمە دەخوازین پەیوەندی دۆستانەمان هەبێت لەگەڵ دراوسێکانمان لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش.
هەرێمی کورستانی عێراق لە ساڵی 1992ەوە بووەته‌ ئۆتۆنۆمی، کە ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کورستان پێکهات، بەڵام تا ئێستایش گەلی کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهان. ئیتر کاتی خۆیەتی بۆ کوردانی هەرێمی کوردستانی عێراق چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوە بهێنێتە پێش چاوی خۆی کە کورد یاریکەرێکی چالاکە لە بەدەستهێنانی ئاشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بە لەناوبردنی داعش، و نەک هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتی بێت.
هەروەها، پێویستە کۆمەڵگای نێودەڵەتی و دراوسێکانمانیش ئەو رۆڵە گرینگەی هەرێمی کوردستان دەیگرێته‌به‌ر لە لاوازکردنی داعش و داڵده‌دانی 2 ملیۆن ئاوارە و دەربەدەری ناوخۆیی، لەبەرچاو بگرێت.
لە کۆتاییدا، کە لە هەمووی گرینگترە، بە رەتکردنەوەی واقیعی سەر ئەرز و پێگیربوون بە سیاسەتی ((یەک عێراق))، ناسەقامگیری لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت و هەڕەشەی زیاتر سەرهەڵدەدات بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.

زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان.

هەواڵی پەیوەندیدار