٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

پارتێكی ئه‌ڵمانیا پسپۆڕه‌كانیان ده‌نێرنه‌ هه‌رێم

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌ڵمانیا-KDP.info-بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی سی‌دی‌ئۆ بیرتل وینگەر، سڵاوی تایبەتی ئەنگیلا میركڵی گەیاندە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی و، ئاماژەیشی بەوە دا كە پارتەكەیان بە بایەخەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی ستراتیژیک و كاریگەری پارتیی دیموكراتی كوردستاندا لە ناوچەكە، بۆیە پێیان خۆشە ئاستی پەیوەندییەكان زیاتر بكەن و ئەم بانگهێشتكردنەی شاندی پارتی بۆ ئەو مەبەستەیە.
لە درێژەی سەردانە دیپلۆماتیکەكەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی هێمن هه‌ورامی بۆ چەند وڵاتێكی ئەوروپایی، دوێنێ لە وڵاتی ئەڵمانیادا چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگیان کرد.
شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سەربارەگاکەی پارتی دیموکرات‌مەسیحیی ئەڵمانیادا ــ كە ئەنگێلا مێركڵ سەرشالیاری (راوێژكار) ئەڵمانیا، بە خۆی سەرۆكیەتی ــ لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی 'سی‌دی‌ئۆ'دا كۆ بوونەوەوە.
لەو سەردانەی شاندەکەی پارتیدا، بیرتل وینگەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی سی‌دی‌ئۆ و، ئۆلف گۆس بەرپرسی پرۆگرم و پلانی ستراتیژی و جینس ئوی كیرل  بەرپرسی بازاڕوەدۆزی (ماركتینگ)ـی سی‌دی‌ئۆ پیشوازییان لە هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و دكتۆر محەمەد عەلی و خاتوو فەیرۆز ئاكرەیی و عەلی هەڵۆ و فەوزی ئەسعەد كارگێڕی لقی 6ـی ئەوروپای پارتی دیموكراتی كوردستان کرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان سڵاوی سەرۆك بازرانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان گەیاندە سەرۆك و سەركردایەتیی پارتی سی‌دی‌ئۆ؛ پاشان پوختەیەكیان لەسەر ڕەوشی ئێستای بەرەكانی جەنگ و دۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچەیەكان بۆ ئەندامانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە باس كرد.
هەروەها شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتیی هێمن هەورامی، زۆر بە گەرمی سوپاسی پارتی سی‌دی‌ئۆیان كرد بۆ ئەو پشتیوانیە بەردەوامەی كە لە هەرێمی كوردستانی دەكەن؛ ئاخر لە پەرلەمانی ئەڵمانیادا دەنگیان دا كە حكوومەتەكەیان چەك بۆ كوردستان بنێرێت، بە تایبەتی چەكە دژەتانکەکەی میلان.
هەروەها سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیایشیان کرد کە هاتووە بە دەم ئەو ئاوارانەوە لە هەرێمی كوردستاندا گیرساونەتەوە.
 
بیرتل وینگەر بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی 'سی‌دی‌ئۆ'یش، سڵاوی تایبەتی ئەنگلا مێرکڵ، سەرشالیاری ئەڵمانیای نارد بۆ سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی پارتی؛ ئاماژەیشی بەوە دا كە پارتەكەیان بە بایەخەوە دەڕوانێتە ڕۆڵە ستراتیژیک و كاریگەرەکەی پارتیی دیموكراتی كوردستاندا لە ناوچەكە، بۆیە پێیان خۆشە ئاستی پەیوەندییەكان زیاتر بكەن و، هەر بەو بۆنەیشەوە شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستانیان بانگهێشت کردووە.

لە سەروبەندی كۆبوونەوەكەدا هەردوو لا ڕیك كەوتن كە سەردان و ئالوگۆڕی بیروڕا و شاندە تایبەتمەندەكانی نێوان هەردوو پارت بەردەوام بێت.
هەر لەوكۆبوونەوەیەدا بڕیار درا ئەزموونی كاری سیاسی و ڕیكخراوەیی و بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێكخستنیش ئاڵوگۆڕ بکەن؛ بڕیارە لە دامەزراوەی 'كۆنراد ئایدنهاوەر شتیتفتونگ'ـەوە، چەند پسپۆڕێكی سی‌دی‌ئۆ سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و، سیمیناری تایبەتمەند بە كادرە پیشكەتووەكانی پارتی پیشكەش بكەن.
پاسان د. جیرارڵد والێرس جیگری سكرتیری گشتی دامەزراوەی كۆنراد ئایدنهاوەر و شاندێکی یاوەری هاتن بە دەم شاندی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە و، بە گەرمی پیشوازییان لێ کردن؛ شاندەکەی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش بە وردی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەیان بۆ د. جیڕاڵد و شاندە یاوەرەکەی ڕوون كردەوە.
پاشان شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ مایكل هاینڕیش، پەرلەمانتاری سی‌دی‌ئۆدا كۆ بوونەوە؛  هاینڕیش سەرۆكی كۆمیتەی دۆستایەتیی پەرلەمانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
شاندی پارتی سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە چەکی دژەتانکی میلان و، کەلوپەلی سەربازیی بۆ کوردستان دابین کردووە.

سه‌نگه‌ر هه‌ورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار