٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: ڕاستە نوێنەرمان لە بەغدا هەیە، بەڵام لە دەستەڵات و بڕیاردان شەریك نین

سەرچاوە: KDP.info

دۆحە-KDP.info-بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی، لە دۆحە گوتارێکی لە کۆربەندی جەزیرە پێشکەش کرد و، ڕایگەیاند کە، ڕاستە نوێنەرمان لە بەغدا هەیە، بەڵام لە دەستەڵات و بڕیاردان شەریك نین.

(هێمن هەورامی) لە کۆڕبەندی جەزیرە لە دۆحە گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند کە، منێكی خەڵكی دەڤەری هەڵەبجە تا ئێستاش بۆنی ئەو كیمیابارانە دەكەین، كە هەمیشە ئێمەی كورد دەپرسین بۆچی؟ چیمان كردووە؟ بۆ وا بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێ‌؟
(هەورامی) ڕوانگەی هەرێمی كوردستانی لەم وتارەدا خستە ڕوو و بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بە وردی سەیری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بكەین، دەبینین كە زۆربەی كێشەكان سیاسین، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی لە ڕابردوو پەیڕەو كراون، وەكو پەیماننامەی سایكس‌پیكۆ و دەستی دەرەكی، كە ئەمەش دوورە لە واقیعی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و گەلانی ناوچەكە."
ئێمە لە كاتێكدا باسی دیموكراسیەت و كلتوورەكەی دەكەین لە ڕوانگەی كوردستانەوە دەنواڕینە كێشەكان، هۆكارەكەشی بۆ قبوڵنەكردنی یەكتری و پێكەوە ژیان بووە، ڕاستە ئێمە نوێنەرمان لە حكوومەتی عێراقدا هەیە، بەڵام ئەگەر بڵێم بەشدارین لە بڕیاری سیاسی و شەریكین لە دەسەڵات ئەمە ڕاست نییە، بە هەمان شێوە بۆ برا سوننەكانیشمان، (بەڵێ‌ نوێنەرمان هەیە بەڵام بەشداری دەسەڵات نین).
رق و كینە و تۆڵە سەندنەوەیە چاوی سیاسییەكان و دەستەڵاتدارانی عێراقی تەنیوە، بۆ پشتڕاسكردنەوەی ئەم قسەیەم نموونەیەكتان بۆ باس بكەم، كیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 ڕووی دا ئێمەی كورد لە ساڵی 1991 ڕاپەرینمان كردو ناوچەكانی خۆمان ئازاد كرد و زیاتر لە 5000 سەربازی عێراقیمان بە دیل گرت، بە ڕێزەوە و لەسەر خواستی خۆیان كوێیان پێ خۆش بوو هاوكارییمان كردن، دەیانویست بگەرێنەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان یان بچنە وڵاتێكی تر یان لە كوردستان نێشتەجێ بن، ئەمە وا دەسەلمێنێت كە ئێمەی كورد هەڵگری ڕق و كینە و تۆڵە سەندنەوە نین. دوای 2003 تۆڵەسەندنەوە و ڕق و كینە، بە شێوەیەكی دینامیكیانە بوو ستراتیژییەتی بەشێك لە دەستەڵاتداران لە عێراقدا. قیرانی ناسنامە بەشێكی دیكەی قیرانەكەیە لە عێراقدا هەروەها، كوا ناسنامەی عێراقی؟ من بە ڕاشكاوانە پێتان بڵیم لە عێراق ناسنامەی شیعە، ناسنامەی سوننە و لە كوردستانیش ناسنامەی كوردیمان هەیە، ئەمەش لە دەرەوەی كاری بەرێوەبردنە. هۆكارێكی تری ئەو ناكۆكییە لە ناوچەكەمان بەستراوەتەوە بە قەیرانی ژێرخانی ئابووری، ئەگەر بنواڕینە عێراق.. دەوڵەتێكی شاش (فاشل)، حوكمرانێكی خراپ، لە بەڕێوەبردنی مەسەلەی ئابووری و دانانی ژێرخانی ئابووری، تەنها دامەزراوە كە دەبێتە سەرچاوەی ئابووری وڵات ئەویش پشت بەستنە بە نەوت، ئەم سیاسەتەش بووەتە هۆی وەدواهێنانی ئەو نەگبەتییانەی كە ئێستا عێراقی گیرۆدە كردووە، سەرەڕای قەیرانیكی مێژوویی.
پرسیارەكە لێرەدایە هۆی خۆڵقانی ئەم فەزایە لە كوێوە هات و چۆن بوو؟
دوور لە عاتیفە و مزایدەی سیاسی دیدەی كوردستانیان ئەم تێپەڕبوون و گۆڕانكاریە گێرەشێوینانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانی سنوور و مانای سنوور، كێ‌ سنوور دەپارێزێ‌ و دەیبەزێنی؟ هەروەها ڕەوشی شكستخواردووی ئێستای عێراق، هەندێ‌ ناوچە هەیە لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە لە عێراق و سووریادا، دیموگرافیای ناوچەكەی گۆڕی و قۆرخكردنی بەكارهێنی هێز ئێستا لە دەستی حكوومەتی عێراق نەماوە، سەیری جووڵەی شیعە لە بەغدا بكەن، (48) میلیشیای جیاوازی تەنها لە بەغدا هەیە، ئیدی ڕوونە دەستەڵات لە دەست دامەزراوە حكوومییەكان دەرهێنراوە، بنواڕن سەرهەڵدانی چەند لایەنێك كە دەوڵەت نین لە ناو ڕكابەرەكاندا، تیرۆر بە شێوە و توانای جیاواز، ئەمانە پێمان دەڵێن ئەوە هێڵ و دەستەڵاتانەی پێشتر هەبوون سروشتی نەبوونوو ووردە ووردە دەگەڕێنەوە قەبارەی سروشتیی خۆیان. (داعش) دیاردەیەكی لەناكاو نەبوو، بەڵكو شكستی سووریا و عێراق دیاردەیەكی لەناكاوی تایبەت بوو، ئەمەش وەك هاوكێشەیەكی فیزیكی بەبچووكبوونەوەی عێراق و سووریا داعش گەورە بێت، ڕاستە لە كوردستاندا (1200) شەهید، بوونە قوربانی بۆ ئازادكردنی ناوچەكانمان لە دەستی داعش، بەڵام داعش ڕێكخراوەكی تیروریستیە و دەستی بەسەر چەند ناوچەیەك لە عێراق و سووریادا گرتووە، هەروەها ئیمكاناتێكی زۆریشی هەیە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئوتێلێكی (5ئەستێرە)یان كردەوە لە مووسڵ، بۆیە ئەمە ڕێكخراوێكی تیروریستی تایبەتە، ئەوەی ئێستا دەیبینین ڕاكێشانی جیۆپۆلوتیك و تایفەگەریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێمە ڕووداوی ناوخۆ و دەرەوەمان هەیە، ڕووداوەكانی ناوخۆ ئێستا هی ناوخۆ نەماوە و ڕووداوەكانی دەرەوەش هەر وەكو خۆی نامێنێتەوە، بۆیە مانەوەی ئەم ناكۆكییە پێم ناخۆشە كە پێتان ڕادەگەیێنم، بەڵام لەوەی كە دەیبینین و هەستی پێ دەكەین و مامەڵەی لەگەڵ دەكەین ڕۆژانە لە عێراق و لە كوردستان، تیرۆر، توندو تیژی، توندڕەوی تایفەگەری و شەڕی ناوخۆیە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.
ئەدی دەبێت چی لێ بكەوتەوە؟
ئێمە بۆچوونمان وایە كە بە پشتبەستن بەو سیاسەتەكانی ڕابردوو ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، ئەگەرنا، قۆناغی داهاتوو قۆناغێكی ڕاگوزاری و ئاژاوەنانەوە و پڕگومانی دەبێت.
داهاتوو چییە؟
لە ناوبردنی داعش پێویستیەكی گرنگە بۆ دامەزراندنەوەی دەوڵەت بەبێ لەناوبردن و بەزاندنیان، سەقامگیری لە عێراق و سووریا نایێتە دی، چ جای پێشكەوتن و دەستكەوتی دارایی، چۆن بیبەزێنین و بە سەریدا زاڵ بین ئایا بە میلیشیا دەکرێت یاخود بە سوپایەكی نیشتمانی؟ پرسیار ئەوەیە: لە دوای داعش كێ‌ ئەم ناوچانە بەڕێوە دەبات؟ ئەمە پرسیارێكی گەورەیە بۆ برا سوننەكان، ڕەنگە ئەوان لێمان بپرسن: چۆن كاروباری ناوچەكە بەڕێوە دەبرێت؟ بەشێك لە چارەسەر ڕەنگە ئەوە بێت كە بە دۆخی ئێستا ڕازی بین هەروەكو (لینا)ی هەڤاڵم ئاماژەی پێكرد بۆ دۆزینەوەی شێوازێكی تازەی پێكەوەژیان لە عێراقدا. قبووڵ بكرێت و نەکرێت، عێراق ئێستا پارچەپارچە بووە، سێ‌ بەشی هەیە، بەشی سوننەكان، شیعە و بەشی كوردەكان؛ جا لەبەر ئەوە پێویستە شێوازێكی تازەی پێكەوەژیان دیموكراسیانە بدۆزینەوە.
وەكو گوتم ئێستا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پروسەیەكی خۆدروستكردنەوەدایە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كۆن بەسەر چوو ئێستاش نازانین خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ‌ هاتۆتە ئاراوە یان نا، بەڵام بە شێوازێكی نوێ‌ و یاریزانی نوێ‌ دێتە ئاراوە، ئێستا وڵاتەكان بە تەنها یاریزانی نین لە گۆڕەپانەكە بەڵكو كەسان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وەكو یاریزانن لە گۆڕەپانەكە، دەمەوێ‌ ئەمەیشتان پێ ڕابگەیەنم كە ئێمەی كورد و كوردستان ڕۆڵێكی گرنگمان هەیە لە ناوچەكە، ئەگەر سەیری پەیوەندیەكانی كورد بكەین لە سووریا و عێراق و كاریگەرمان لەسەر توركیا، دەبینین كورد یاریكەریكی كاریگەرە و هەمیشە بەشێكە لە چارەسەر نەك بەشێك لە كێشەكان.
سەنگەر هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار