٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: گەلی کورد و كوردستانیان ناچنە ژێر هیچ چەترێكی مەزهەبی و ناوچەییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(هێمن هەورامی) لە پێشوازی شاندێکی دیپلۆمات و ئەکادیمیکی تورکیادا ڕایگەیاند کە، گەلی كورد و و كوردستانیان بە هیچ شێوەیەك ناچنە ژێر هیچ چەترێكی مەزهەبی و ناوچەییەوە، درێژەپێدەری ئەو ستراتیژییەتە دەبین كە بە درێژایی مێژوو كۆششی بۆ کراوە و شەهیدمان بۆ داوە، ئەوەیش ستراتیژییەتی بەرژەوەندی و داخوازییە ڕەواكانی كوردستانیانە كە لەسەر ئەم پرەنسیپانە مامەڵەكردنمان لەگەڵ ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێدا دەبێت.

(هێمن هەورامی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك ئەمڕۆ لە پیرمام، پێشوازیی لە شاندێكی دیپلۆمات و ئەكادیمیکی تورك كرد كە پێكهاتبوون لە پڕۆفیسۆر (د. مەسعوود ئۆزجان) و پڕۆفیسۆر (د. محەمەد شاهین) و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (شەعبان كارداش).
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان باسیان لە ئامانجی سەردانەكەیان كرد؛ ئەوان پێیان وایە بە گفتوگۆی زیاتر و گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی دیكەی كوردستان و سەركردایەتیی كورددا بگەنە یەقینێكی هاوبەش بۆ ڕوانین لەو گۆڕانكارییانە و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، كە ئەم پەیوەندییانە ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پرسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و هاوكێشەكانی دیكەی ناوچەكە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتیی سەردانی شاندی ناوبراوی بە پێویست زانی و پێی وابوو ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ چارەکردنی ئەو كێشانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە و، توركیا دەتوانێت ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت، بە تایبەتی پرۆسەی ئاشتی لە نێوخۆی توركیادا، (هەورامی) هەڵوێستی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی سەبارەت بە ڕەوتی ئاشتی لە توركیا گەیاندە شاندی میوان و پێی ڕاگەیاندن: "ڕابردوو و سیاسەتی ئینكارکردن و بەرەنگاربوونەوەی سەربازی توركیای، گەیاندە پرۆسەی ئاشتی" بۆیە ئێمەی هەموو جۆرە پشتگیرییەكی ئەم پرۆسەیە دەكەین و، پێمان وایە تاكە چارەسەرە و هەردوو لایەنی توركیا و پەكەكە بە پیوەستیانەوە بەو پرۆسەوە دەگەنە ئاماجێك كە ئارامی بۆ گەلانی توركیا دێنێت؛ دەبێت ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و (نێچیرڤان بارزانی) لەم نێوەندەدا بەرز ڕابگیرێت لە هەوڵەكانیان بە گەیشتن بە پرۆسەی ئاشتی."
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پ.د.ك ستراتیژییەتی سەركردایەتی كوردی بۆ شاندی لێكۆڵەرەوەكان ڕوون كردەوە كە گەلی كوردو و كوردستانیان بە هیچ شێوەیەك ناچینە ژێر هیچ چەترێكی مەزهەبی و ناوچەییەوە، درێژەپێدەری ئەو ستراتیژییەتە دەبین كە بە درێژایی مێژوو كۆشیشی بۆ کراوە و شەهیدمان بۆ داوە، ئەوەیش ستراتیژییەتی بەرژەوەندی و داخوازییە ڕەواكانی كوردستانیانە كە لەسەر ئەم پرەنسیپانە مامەڵەكردنمان لەگەڵ ناوچەكە و وڵاتانی دراوسێدا دەبێت.

سەنگەر هەورامی
 

هەواڵی پەیوەندیدار