هێمن هەورامی: ئەرکی مامۆستایانی ئایینە مینبەرەکانیان سەنگەرێكی پتەو بێ بۆ بەرگری لە شەرەف و كەرامەتی گەل و ئایین

پیرمام-هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) جەخت دەکاتەوە کە، چونكە بە خۆدانە پاڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، پەلاماری کوردستان دەدرێ و تیرۆریستان دەیانەوێت مێژووی گەلێكی شۆڕشگێڕ و ئایینپەروەر پسڕنەوە، ئەرکی مامۆستایانی ئایینە مینبەری مزگەوتەكانیان سەنگەرێكی پتەو بێ بۆ بەرگری لە شەرەف و كەرامەتی گەل و ئایین و، دەبێت ڕۆڵی زیاتر ببینن. (هەورامی) ڕایشیگەیاند کە، سیاسەتی حەكیمانەكەی (سەرۆك بارزانی) و قارەمانەتیی پێشمەرگە ئەو كڵپە ئاگرەی ڕووی لە گەلی كورد كردبوو، ئاوەژوو کردەوە و بە شكستی تیرۆریستان کۆتایی هات.
ئەمڕۆ 25/12/2014 لە لایەن تێبینەرایەتیی ئەوقافی لە شارۆچكەی پیرمامەوە سیمینارێك لەژێر ناوونیشانی "بارودۆخی نوێی ناوچەكە و سیاسەتی سەرۆك بارزانی" بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی(هێمن هەورامی) ڕێك خرا، ئامادەبوونی سیمینارەكە لە مامۆستا و گوتاربێژانی ئایین و بەرپرسە حزبی و ئیدارییەكانی پیرمام و دەورووبەری پێك هاتبوون.
(هەورامی) کە هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، لە سەرەتای سیمینارەكەدا، باسی لە سەرهەڵدانی ئەم دۆخەی ئێستای ناوچەكە و قەڵەمڕۆیی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كرد و، سەرهەڵدان و ئەم گەشە كتوپڕەی داعشی بۆ شكستی هەردوو سوپای سووریا و عێراق گەڕاندەوە بەوەی کە سیاسییەکانی عێراق و سووریا ستراتیژیی تۆكمەیان نەبووە، کە بۆشاییی فكریشی لە نێو هەردوو كۆمەڵگەكەدا درووست كردبوو؛ وەک (هەورامی) گوتی، داعش ئەم هەلەی قۆستەوە و مەرامی تایبەتی رێكخراوەكەی لەگەڵ بەرژەوەندیی سوننە و جیهادییە سەلەفییەکاندا تێکەڵ بە یەکدی کرد، هەربۆیە توانی دەست بەسەر خاكێكی بەرفراوان و چەک و تەقەمەنیێکی زەبەلاحی هەردوو سوپای عێراق و سووریادا بگرێت و، دواتر پەلاماری كوردستانی پێ بدات.
(هێمن هەورامی) ئەوەیشی بۆ مامۆستایانی ئایین و ئامادەبووان شیی كردەوە كە، ئەو كڵپە ئاگرە گەلی كوردیشی گرتەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە هۆی سیاسەتە حەكیمانەكەی (سەرۆك بارزانی) و قارەمانەتیی پێشمەرگەی كوردستان توانرا ئەو كڵپە ئاگرەی ڕووی لە گەلی كورد كردبوو، ئاوەژووی بكاتەوە و بە شكستی ئەو رێكخراوە لە ناوچە جیاکانی کوردستان و كۆتایی پێ بێنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، بە ئامادەبووانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتووانە ستراتیژیەتی خۆی ئاڕاستە كردووە و دەستكەوتی گەورەی وەدی هێناون. ئەم ستراتیژییەتەی كورد و سیاسەتەكانی (سەرۆك بارزانی)، گەلی كورد و كوردستانی بۆ ڕای نێودەوڵەتی و ناوچەیی سەلماند."
لە درێژەی سیمێنارەکەدا (هەورامی) هاوکات ڕۆشنایی خستە سەر ئەركی مامۆستایانی ئایین و پێیڕاگەیاندن، "وەك چۆن هەمیشە مینبەری مزگەوتەكانتان سەنگەرێكی پتەو بووە بۆ برگری لە شەرەف و كەرامەتی گەل و ئایینتان، دەبێت لە ئێستایشدا ڕۆڵێكی گەورەتر ببینن، چونكە بە خۆدانە پاڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە، پەلامار دەدرێین و دەیانەوێت مێژووی گەلێكی شۆڕشگێڕ و ئایینپەروەر لەناوبەرن."
(هەورامی) گوتیشی: "دوژمنەكەی ئێمە، دركی بە قارەمانەتیی پێشمەرگە و كاریزمای (سەرۆك بارزانی) نەكردووە، بە هەمان شێوەی عێراق و سووریا لە هەرێمی کوردستان هاتنە پێش، ئێستایش كە دەیبینین چ شكستێكیان بردووە."

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
