هێمن هەورامی: ستراتیژییەتی ئێمە بۆ پاشەڕۆژی گەلی كورد لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە جیاوازە

دهۆک-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە سیمینارێكیدا رایگەیاند، ستراتیژییەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پاشەڕۆژی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد، لە ستراتیژی لایەنە سیاسییەكانی دیكە جیاوازە. (هەورامی) جەختیش دەکاتەوە، سەرباری ئەوەی هەرێمی كوردستان گەمەكەرێكی چالاکی هاوكێشە هەرێمی و جیهانییەکانە، بەڵام دەبێت بە چاویلكەی واقعبینانەوە بنواڕینە پێشهاتەكان و هەردەم بۆ دۆخی لەناکاو، ئامادە بین.
ئەمڕۆ دووشەممە، سیمینارێك لە لایەن دەستەی خوێندنی یاسا و زانستە سیاسییەكان و دەستەی خوێندنی پلاندانانی زانكۆی دهۆك لە شاری دهۆك بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان(هێمن هەورامی)، لەژێر ناونیشانی (كورد و هاوكێشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان) ساز درا.
لە سیمینارەکەدا، (هەورامی) ڕۆشنایی خستە سەر گۆڕانكارییە هەنووكەیەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و كاریگەرییان لەسەر ئێستا و پاشەڕۆژی هەرێمی كوردستان و گەلی كورد.
(هێمن هەورامی) هاوکات، هاتنی تیرۆریستانی داعش و شكستخواردنی هەردوو سوپای بەغدا و دیمەشق و تەشەنەكردنیان بۆ ناوچەكانی دیكە خستە بەر باسەوە، هەروەها لە باسی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمەریكادا ڕایگەیاند: "دەبێت سەركردایەتیی كورد بە چاویلەكەییەكی سیاسییانەوە سەیری پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە و جیهان بكەن."
هەر لە درێژەی سیمینارەكەدا (هەورامی) جەختی کرد، "ئێمە وەك پارتیی دیموكراتی كوردستان، ستراتیژییەتێكی جیاوازمان هەیە بۆ پاشەڕۆژی هەرێمی كوردستان، چونكە وەک چۆن كار لە سەر هەرێمێكی سەقامگیر و پارێزراو دەكەین، هاوکات ئاڕاستەی سەربەخۆییش ئامانجی سەرەكیمانە"، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی زیاتر گوتی، "لە ئێستادا هەرێمی كوردستان پێشووەچوونێكی ئەوتۆی بە خۆیەوە بینیوە و لە هەرێمێكی گەمەپێكراوەوە پێی ناوەتە قۆناخی هەرێمێكی گەمەكەر"، بە باوەڕی (هەروامی) ئەم وەرچەرخانە گرینگە، بۆ ئەو لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسیەتی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی كورد دەگەڕێتەوە.
(هێمن هەورامی) دواجار بە نموونەیەک بیری قوتابیان و مامۆستایانی ئامادەبووی بۆ پرسێک برد کە، لەگەڵ دەرکەوتنی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش زیاتر دەرکەوت، ئەویش ئەو نائامادەییە بوو کە، هەرێمی کوردستان پاش لە 20ساڵ لە حوکمی خۆبەڕێوەبەری، لە ڕووی سەربازییەوە لێی دەرکەوت، هەربۆیە بە پێویستی زانی، هەرێمی كوردستان هەردەم خۆی بۆ وەها دۆخێکی لەناکاو ساز بدات، هەروەها دەبێت سەركردایەتیی كورد بە چاویلكەیەكی واقعبینانەوە بنواڕێتە هاوكێشە سیاسییەكان. کە وەک (هەورامی) گوتی، ڕەنگە هەندێکیان بۆ هەرێمی کوردستان ناڕۆشن بن.
سەنگەر هەورامی

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
