٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: پرۆسەی بەرەو دامەزراندنی دەولەتی کوردستان بەردەوام بیت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(هێمن هەورامی)، باوەڕی وایە کە، هەرێمی کوردستانی یەکێک لە کاریگەرترین ئەو نێوەندانەیە کە رۆڵی گرینگی لە ناوچەکەدا هەیە. گوتیشی، "ستراتیژیەتی ئێمە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و بە پارێزراوی گەشە بکات و پەرە بستێنێت، هەورەها پرۆسەی بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی کورد بەردەوام بێت."

یەکیەتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر لە ماڵی نووسەران، دوێنێ ئێوارەکۆرێکی سیاسی لەژێر ناوونیشانی پێگەی کورد لە هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە و جیهاندا، بۆ (هێمن هەورامی) کە هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییە ساز دا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان و مامۆستای زانکۆ ئامادەی بوون.
لە کۆڕەکەدا (هەورامی) بە تێروتەسەلی باسی لە رۆڵ و پێگەی کورد لە هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکە و جیهاندا کرد، هەروەها سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهانی کاریگەری بۆ ئامادەبووان شیی کردەوە، سەبارەت بە سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەی خستە روو کە، ئەمەریکا خوازیارە هاوسەنگی لە ناوچەکەدا دروست بکات، هەروەها باسی لە گۆرانکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، کە چۆن ئەو کۆرانگاریانە کاریگەری هەبووە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنامەی سایکس- پیکۆ.
(هەورامی) رۆڵ و پێگەی کوردستانی بە ناوەندێکی گرینگ و بایەخدار دانا لە ناوچەکە و جیهان، ئەوەشی خستە روو کە، کورد پێویستە بێلایانە مامەڵە لە رووداوەکاندا بکات و نەبێتە بەشێک لەو قەیران و ناکۆکیانەی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە ئارادایە.
لە درێژەی گوتەکانیدا (هەورامی) پوختەیەکی رەوشی ئەمڕۆی کوردستان و ناوچەکەی بۆ ئامادەبووان باس کرد، ئاماژەیشی بە رۆڵی گرینگ و ئازایەتیی پێشمەرگە دا لە بەرەکانی جەنگ و پارێزگاریکردن و بەرگریی کوردستان لە هەوڵەکانی رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستاندا. هەروەها بەشیکی دیکەی قسەکانی باسکردن بوو لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و سەرکرادیەتیی سیاسیی کورد و راگرتنی هاوسەنگی و ناساندن و توندکردنی پێگەی کوردستان لە ناوچەکە و جیهاندا، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە کورد ئێستا بوونی خۆی بسەلمێنیت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باسی لە ستراتیژیەتی پارتی کرد و گوتی "ستراتیژیەتی ئێمە ئەوەیە، هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و بە پارێزراوی گەشە بکات و پەرە بستێنێت، هەورەها پرۆسەی بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی کورد بەردەوام بێت و یەکریزی لە گوتار و کرداری کورد لە خزمەت ئەو خاڵە دابێت"، هەروەها (هەورامی) گوتی، "بەپێی ئەو ستراتیژەیش مامەڵە لەگەڵ ململانێی پرۆژە جیاکان بکەین و، یەکەم شت کوردستان واقعیبوون و کراوەبوون و روانگە و جیهانبینیێکی روون و بەرنامەی نەتەوەیی بۆ هەموو ئەو هاوکێشە هەبێت، وەک نەتەوە خۆمان نەخەینە دەست قەدەر."
لە کۆتاییدا ئامادەبووان چەندین پرسیار و بۆچوونیان ئاراستە کرد، (هەورامی) بە ڕاشکاوی وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار