هەورامی: كورد بۆ چەسپاندنی مافی چارەنووس كار دەكات

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لە پێشوازیی شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کورد لەسەر دوو تەوەری سەرەکی کار دەکات، چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەگوێرەی دەستوور و ڕێکەوتننامەکان، هەروەها کاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەنووسساز.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان( هێمن هەورامی)، پێشوازی لە شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان كرد کە پێکهاتبوو لە جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووباری سیاسی لەعێراق (جۆرج بۆستۆن) و بەرپرسی نووسینگەی (یونامی) لە کوردستان (سۆکۆڵ کوندی).
لە دیدارەكەدا، (هێمن هەورامی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی ناوبراو، هیوای خواست کە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای هەرێمی کوردستانی پێیدا تێپەڕ دەبێت زیاتر هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران بکەن کە، بە هۆی شەڕی دژەتیرۆر ناوچەکانیان جێ هێشتووە و لەئێستادا بە هۆی وەرزی زستانەوە لە بارۆدۆخێکی سەختدا ژیان دەبەنە سەر.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا (هەورامی) تیشکی خستەسەر دواپەرەسەندنەکان و و رەوشی سیاسی و گفتۆگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەورەبەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانانەی کە لەنێوان بەغدا و هەولێر هەن.
(هەورامی) ئەوەی خستەڕوو کە کورد لەسەر دوو تەوەری سەرەکی کار دەکات، چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و ڕێککەوتننامەکان، هەروەها کار دەکات بۆ چەسپاندنی مافی چارەنووس. ڕەوشی ئەمڕۆی سەربازی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەیش لە بەرەکانی جەنگ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتانی دەورووبەر و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە تیروتەسەلی ڕا و بۆچوونی لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندی میوان ڕۆڵی کوردستانی بە بایەخ و گرینگ هەڵسەنگاند بۆ پێشوازی لەو کۆمەڵە زۆرەی هاووڵاتیان کە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە لە ئاکامی توندوتیژی و کاری تیرۆر کە دووچاری هاتوون لە بەشەکانی دیكەی عێراق و سووریا، هەروەها سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دژ بە تیرۆریستان، جێگای پێزانین و ڕێزە، کە پێشمەرگە بەرەنگاری دوژمنانی ئازادی و دیموکراسی بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا شاندی میوان ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ هەموو پاڵپشتی و پشتگیرییەک.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
