٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: ستراتیژیەتی پارتی، بەرەو دەوڵەتی کوردستان و یەکریزیی زیاتری کوردستانییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  لە پانێلێکدا کە لە زانکۆی سلێمانی ساز درابوو، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(هێمن هەورامی) دووپاتی کردەوە کە، ستراتیژیەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان "مانەوەی کوردستان و گەشەپێدانی، پشت بەخۆبەستن بەرەو دەوڵەتی کوردستان و یەکریزیزیی زیاتری کوردستانییە."

لە میانەی بەشداریکردنی ئەندامی سەرکردایەتی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی(هێمن هەورامی)، لە سیمناری زانکۆی سلێمانی کە لە رۆژانی 26-27/11/2014 لەژێر ناوونیشانی "پرسی تیرۆر و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، کە لەلایەن فاکتەلی یاسا و رامیاریی زانکۆی سلێمانیدا ساز درا و، تێیدا ژمارەیەکی زۆری مامۆستا و قوتابیانی زانکۆ و پسپۆڕان ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، بابەتێکی لە دووەم رۆژی ئەو چالاکییە رۆشنبیرییە پێشکەش کرد، بە تێروتەسەڵ باسی لەسەر جیۆپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانیی پرۆژەکانی ئەمەریکا، ئیران و تورکیا کرد.
هەر لە درێژەی بابەتەکەیدا، ئەو بەرپرسەی پارتی، باسی لە رادیکالیزمی ئیسلامی سوننە و شیعە، جیهانی عەرەبی و ئیسرائیل و ناوچەکە کرد، هەروەها (هەورامی) تیشکی خستە سەر ژینگەی ستراتیژیی جیهان و ئاماژە نوێیەکان و هەڵسەگاندنێکی بۆ شەڕی تیرۆر و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی و بەردەومییان بۆ ئامادەبووان خستە روو.
دەرفەت و هەڕەشەکان کە رووبەرووی کورد دەبنەوە، بەشێکی دیکەی بابەتەکەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بوو، لەم بارەوە ئەوەی ڕاگەیاند کە ستراتیژیەتی پارتیی دیموکراتی کوردستان "مانەوەی کوردستان و گەشەپێدانی، پشت بەخۆبەستن بەرەو دەوڵەتی کوردستان و یەکریزیزیی زیاتری کوردستانییە".
شایانی باسە لە هەمان پانێلدا، بەرپرسی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی و دوو مامۆستای زانکۆ بابەتیان پێشکەش کرد و، لە کۆتاییدا چەندین پرسیار لە لایەن ئامادەبووان لە مامۆستایان و قوتابیان ئاراستەی پانێلەکە کرا، لە کۆی 22 پرسیار، 14 پرسیارایان ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی کران و (هەورامی)ـیش بە ڕاشکاوی وەڵامی دانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار