٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: سڕینەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەسەر نەخشەی جیهان، ئەركی هەمووانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان بە هەموو تواناكانییەوە كار لەسەر سڕینەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكات. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، حكوومەتی ناوەند هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی نەناوە.

ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندام مەكتەب، پێشوازییان لە شاندێكی دانیماركی كرد كە پێك هاتبوو لە سەرۆكی شاند و ئەندامی پەرلەمانی دانیمارك لە هاوپەیمانیی سوور_ سەوز (نیكوڵای ڤیلومسێن)، راوێژكاری سیاسیی هاوپەیمانی سوور-سەوز (ئێڤا فلەیڤهۆڵم)، نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای كۆپن هاگن (ئالان ئەحمەد)، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی ئەورووپا (سورێن سوندەر گارد) و راوێژكار لە پەرلەمانی ئەورووپا و هەماهەنگیكار لە كاری هاوبەشی كورد (مای ئەسلێت رەیدبیرگ).

(هەورامی) سەرەتایەكی لە باردودۆخی هەنووكەیی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان روون كردەوە و رایگەیاند، "هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەكی بە هاوكاریی هاوپەیمانان شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات و هەوڵی بنبڕكردنیان دەدەین و نابێت هیچ جۆرە گرووپێكی وەها لەسەر نەخشەی جیهان بێمنێنن".
(هەورامی) هەروەها بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە سوپاسی وڵاتانی ئەورووپای كرد لە بەدەمەوەهاتنی گەلی كورد لە رووی سەربازی و مرۆییەوە و، باسیشی لە قارەمانەتیی پێشمەرگەی كوردستان كرد و بە تاكە هێزی زەمینی ناو برد لە شەڕی دژ بە داعشدا.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، (هەورامی) پرسی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی هەولێر و بەغدای بۆ شاندی میوان شی كردەوە و گوتی، "ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراقی فیدراڵ و بە پێی ماددە دەستوورییەكان مامەڵەمان كردووە، بەڵام لە بەرانبەردا حكوومەتی بەغداد هیچ هەنگاوێكی وەهای نەهاوییشتووە تا نیازپاكی بۆ گەلی كورد روون ببێتەوە، ئێمە چاوەڕوان دەبین و دواجار قسەی خۆمان دەبێت".

سەرۆكی شاندی ناوبراو (نیكوڵای ڤیلومسێن)، زۆر سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەیان و راشیگەیاند، دەبێت هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكان بۆ هەرێمی كوردستان چڕتر بكرێنەوە، چونكە زۆر قارەمانانە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستاونەتەوە و رۆژ بە رۆژ وەدەریان دەنێن لەو ناوچانەی كە بە هۆی شكستی سوپای عێراقەوە كەوتبوونە دەستیان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار