كۆنسووڵی بەریتانیا: وڵاتەكەم لە یارمەتیدانی هەرێم بەردەوام دەبێت.. هێمن هەورامی: پارتی لە وەدەرنانی تیرۆریستان وچان نادات

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم رایگەیاند، "پارتی لە وەدەرنانی تیرۆریستانی داعش وچان نادات، تا بستێكی خاكی كوردستان لە ژێر چنگیان مابێت، رووبەڕوویان دەبینەوە."
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی)، پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی شانشینی بەریتانیا (ئەنگس مەككی) كرد.
(هێمن هەورامی)، بە ناوی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە، ستاییشی ڕۆڵی بەریتانیای كرد كە، لە شەڕی دژ بە داعش، بۆ گەلی كوردستان هەیبووە، هەروەها هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی بەرتانیای بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو ئاوارانەی روویان كردووەتەوە هەرێم، خواست.
بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەی بۆ كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا شی كردەوە و، هەڵوێستی پارتیی دیموكراتی كوردستانیشی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، روون كردەوە كە، "تا بستێك لە خاكی كوردستان مابێت وچان نادەین".
لە بەشێكی دیكە قسەكانیدا (هەورامی) رایگەیاند كە، "خوازیارین حكوومەتی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدان، كۆنتڕۆڵ بكەنەوە".
كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم (ئەنگش مەككی)، دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشڕەویانەی كە لە زۆربەی بەرەكانی جەنگدا كردوویانە و، ئەوەشی نەشاردەوە كە، حكوومەتی بەریتانیا هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش پێشكەشی هەرێمی كەردستان، دەكات.
هەوەرها (مەككی) ئەوەیشی راگەیاند، ئایندەی ناوچەكە بە بێ سڕینەوەی داعش نادیار دەبێت، بۆیە دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان بۆ بنبڕكردنی تیرۆریستانی داعش هاوكار بن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
