هێمن هەورامی: حكوومەتی ناوەند رێككەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدای جێبەجێ نەكردووە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە هیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی نێوان هەولێر و بەغدا نەنراوە.
بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەوارمی)، بە یاوەریی شاندێك لە ئەندامانی دێسكی وڵاتانی هەرێمی لە مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوە، ئەمڕۆ بە مەبەستی دەستبەكاربوونی (مورتەزا عبادی)، وەك كۆنسووڵی نوێی ئێران لە هەرێمی كوردستان، سەردانی كۆنسووڵگەریی ئێرانیان، كرد.
(هێمن هەورامی)، بە ناوی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كۆنسووڵی نوێ كرد، هاوكات هیوای خواست كە كۆنسووڵی نوێی ئێران، رۆڵێكی گرینگ لە پێوەندیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان، بگێڕێت.
هەر لە میانەی دیدارەكەدا، (هەورامی) پێوەندیی نێوان كورد و فارسی بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا گەڕاندەوە و، هاوكارییەكانی ئەم دواییەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ناردنی هاوكاری بۆ شەڕی داعش بەرز نرخاند و، لە رێگەی كۆنسووڵی نوێی ئێرانەوە، سوپاسی گەلی ئێرانی كرد.
لەلای خۆیشییەوە كۆنسووڵی ئێران، هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ لەنێوبردنی تیرۆریستانی داعش، دووپات كردەوە.
لە دیدارێكی دیكەدا، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەوارامی)، ئەمڕۆ پێشوازی لە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر (سۆكۆڵ كۆندی)، كرد.
لە دیدارەكەدا (هێمن هەورامی) سوپاسی گشت ئەو دەوڵەتانەی كرد كە، بە هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانیان بۆ كوردستان یارمەتیدەر بوون. هەروەها باسی لەوە كرد كە ئەم هاوكاریانە ئەگەر هەماهەنگیی نەتەوەیەكگرتووەكان نەبووایە، بە ئاسانی بە هەرێمی كوردستان نەدەگەییشتن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (هەورامی)، نیگەرانیی خۆیی لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی حكوومەتی بەغدا دەربڕی كە بە هەرێمی كوردستانی دابوو، كەچی تا ئێستا لەلایەن بەغداوە هیچ هەنگاوێكی بۆ نەنراوە.
باسیشی لە سەربەخۆیی بە مامەڵەكردنی سامانی سرووشتیی هەرێم كرد و رایگەیاند، مافێكی سرووشتیی هەموو گەلێكە، سەروەری سامانە سرووشتییەكەی خۆی بێت.
لای خۆیەوە، نوێنەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەولێر (سۆكۆڵ)، سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و دەستخۆشی خۆیشی بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان دەربڕی كە، لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، بەردەوامن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
