٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: پەلاماردانی هەر ناوچەیەكی كوردنشین و كوردستانی، پەلامارە بۆ سەر گەلی كورد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پەلاماردان بۆ هەر ناوچەیەكی كوردنشین و كوردستانی، پەلامارە بۆ سەر گەلی كورد بە گشتی. ڕوونیشی كردەوە كە، لە میحوەری رەبیعە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) پێشچووەنێكی بەرچاو لە راوەدوونانی داعش بە دەست هاتووە.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازییان لە شاندێكی ژاپۆن كرد، كە لە هەردوو سكرتێری دووەم لە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا (جومبیەتسوروتا) و (ماسایۆكی ئاكاهاشی) پێك هاتبوو.

دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان لە لایەن بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دوابەرچاوڕوونی و گۆڕانكارییەكانی شەڕی داعش و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە خرانە بەر باس و گفتوگۆوە.
شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی مەكتەبی پەیوەندییەكان دەربڕی و، سەرسامیی خۆیشیان نیشان دا لە دەرپەڕاندنی تیرۆریستانی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە. هەروەها راشیانگەیاند، حكوومەتی ژاپۆن لە 19-ی ئەیلوولدا بڕیاری هاوكاریكردنی بەپەلەی پێشكەش بە ئاوارەكان و زەرەرمەندەكان لە ململانێی چەكداری لە عێراقدا بە بڕی 19 ملیۆن دۆلار كرد، لە رێگای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە وەك رێكخراوەكانی (بەرنامەی خۆراكی جیهانی (WFP) و مەكتەبی نوێنەری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كارووباری پەنابەران (UNHCR) و رێكخراوی یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (UNICEF) و لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) و هەروەها رێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچكردن (IOM) و مەكتەبی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كارووباری مرۆیی (OCHA) بۆ پاڵپشتیكردنی چالاكییەكانی بەهاناوەهاتن)، هاوكارییەكانیشیان گەیاندووەتە ئەو ئاوارە و زەرەرمەندانەی شەڕی داعش.
ڕوونیشیان كردەوە كە، "لە ئێستا و داهاتوویشدا وڵاتەكەمان بەردەوام دەبێت لە هاوكارییە جۆراوجۆرەكان بۆ پاڵپشتیی بەشداربووانی شەڕ دژی داعش، تا ئێستایش هاوكارییەكانی ژاپۆن گەییشتووەتە 27 ملیۆن دۆلار".
لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، (هێمن هەورامی) بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە زۆر سوپاسی وڵاتی ژاپۆنی كرد بۆ ئەو هاوكاریانەیان كە لە چوارچێوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشكەشی ئاوارە و لێقەوماوانی شەڕی داعشیان كردووە. (هەورامی) بە شاندی میوانی راگەیاند، "ئێمە وەك تاكەهێزی زەمینی لە رابردووەوە و تا بنبڕكردنی تیرۆریستانی داعش جەنگاوین و دەجەنگین، چونكە ئەمە هەڕەشەیەكە نەك تەنیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و گەلی كورد، بەڵكە هەڕەشەیەكی مەترسسدارە بۆ سەر جیهانی ئازاد، هەروەها سەبارەت بە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەیش لە میحوەری رەبیعە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، بەرەوپێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
لەبارەی پەلامارەكانی داعشەوە بۆ سەر كۆبانی، (هێمن هەورامی) رایگەیاند، "پەلامار بۆ هەر ناوچەیەكی كوردنشین و كوردستانی، پەلامارە بۆ سەر گەلی كورد بە گشتی، بۆیە پاراستن و پارێزگاریكردنیشی لە ئەستۆی هەموو گەلی كوردە، ئەوەی لە كۆبانی روو دەدات، وەك شنگال وایە بۆ ئێمە".
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هەردوو لا خۆشحاڵیی خۆیان بە بەردەوامیی ئەم جۆرە كۆبوونەوانە دەربڕی.

هەواڵی پەیوەندیدار