هێمن هەورامی: لەگەڵ ژاپۆن بەرەو بەرژەوەندیی هاوبەش هەنگاو دەنێین

هەولێر-kdp.info- بەرپرسی بەشی دەرەوەی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ شاندێكی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا رایگەیاند، "ئاڕاستەی سیاسەتمان بەپێی هاوكێشە سیاسییەكانی دوای 10ـی حوزیران دەبێت و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك لە چواچێوەی ریفراندۆمدا دواچارەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستانە". دەشڵێت، "پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن لە خاڵی تراژیدیاوە سەرچاوەی گرت و بەرەو وەبەرهێنان و بەرژەوەندیی هاوبەش هەنگاو دەنێین".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی دەرەوەی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازییان لە شاندێكی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا كرد، كە پێك هاتبوون لە هەر دوو سكرتێری دووەمی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە بەغدا (تاكیش ئوتا) و (ماسایوكی تاكاهاشی).
لە كۆبوونەوەكەدا (هەورامی) كورتەیەك لە تێڕوانین و ستراتیژییەتی سەركردایەتیی كوردی بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە شی كردەوە. سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، پێشمەرگەی وەك قەڵایەكی پۆڵایین ناو برد لە بەرگریكردنی لە كوردستاننشینان بە بێ جیاوازیی ئایینی و ئیتنی.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، هەروەها سوپاسی وڵاتی ژاپۆنی كرد كە لە رێگەی كۆمپانیای (جایكا)ـوە نزیكەی شەش ملیۆن دۆلاری وەك هاوكاری بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دابین كردووە و گوتی، "مێژووی پەیوەندیی نێوان گەلی كورد و ژاپۆن لە تراژیدیاوە چرۆی كرد بەرەو وەبەرهێنان و بەرژەوەندیی هاوبەش هەنگاو دەنێت".
شاندی میوان سوپاس و ستاییشی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد، كە هەرێم بووەتە پەناگەیەك بۆ لێقەوماوانی عێراق و ناوچەكە. ئەوەیشیان نەشاردەوە كە تاكە شوێن لە ناوچەكەدا بۆ مەسیحییەكان مابێتەوە هەرێمی كوردستانە، كە بە ئازادانە گوزارشت لە بوونی ئایینی خۆیان دەكەن، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە بۆ (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی كورد.
لە لایەكی دیكەوە شاندی میوان ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە دەرفەت دەزانن بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەیان و، هەردوولایش لەسەر چارەكردنی كێشەكان بەپێی واقیعی نوێی ئێستای عێراق هاوڕا بوون.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
