٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: خۆكاندیدكردنەوەی مالیكی، گەڕانەوەی عێراقە بۆ پێش 2003

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-kdp.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی شاهانەی بەریتانیا لە هەولێر ڕایگەیاند: "خۆكاندیدكردنەوەی (مالیكی) بۆ ویلایەتی سێیەم و درێژەدان بە شێوازی سیاسەتی دە ساڵی ڕابردوو، بە مانای گەڕانەوەی عێراقە بۆ پێش ساڵی 2003".

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب، پێشوازییان لە كۆنسووڵی گشتیی شاهانەی بەریتانیا لە هەولێر (ئەنگوس مككی) كرد.

دوای بەخێرهێنانی كۆنسووڵی بەریتانیا، (هێمن هەورامی) ڕوانین و ستراتیژییەتی پارتی و سەركردایەتیی كوردی شی كردەوە و باسی لەو واقیعە كرد كە لە دوای 10ـی حوزەیرانەوە هاتووەتە ئاراوە، لەم ڕووەیشەوە گوتی: "بەشداریكردنی لیستە كوردستانییەكان لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، مانای قسەكردن نییە لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140 و پێشمەرگە و نەوت و گاز، ئێستا قوناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، كە كاریگەری لەسەر شێوازی حكوم لە عێراق و پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری عێراقدا هەیە".

(هەورامی) هەروەها خۆكاندیدكردنەوەی (نووری مالیكی) بۆ ویلایەتی سێیەم، بە گەڕانەوەی عێراق بۆ تاكڕۆیی و دووبارەبوونەوەی ئەزموونی پێش ساڵی 2003 ناو برد.

لە درێژەی دانیشتنەكەدا بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە (ئەنگۆس مككی) وەك كۆنسووڵی گشتیی بەرتانیا لە هەولێر كرد.

لە لایەن خۆیەوە كۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا، خۆشحاڵیی خۆی بە پەرەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی بەریتانیا و هەرێمی كوردستان دەربڕی. ئەوەیشی خستە ڕوو كە پێگەی كورد لە ناوچەكەدا نابێت نادیدە بگیرێت. هەروەها هەوڵەكانی پێشمەرگە و هەڵویستی سەركردایەتیی كوردی بەرز نرخاند بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گوتی: "چوونی سەرۆكی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان و گوێگرتن لە پەرلەمانتارانی وڵاتەكەی، نیشانەی پێڕۆكردنی خەسڵەتەكانی دیموكراسییەتە لە ناوچەكەدا".

هەواڵی پەیوەندیدار