٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: خەڵكی كوردستان لە بڕیاری مافی چارەنووس پاشگەز نابێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی "پ.د.ك" (هێمن هەورامی) رایگەیاند: "هەرێمی كوردستان لە بەردەم قوناخێكی نوێدایە و كار بۆ زەمینەسازیی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنووس و گۆڕانێكی بنەڕەتی لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا دەكات". دەشڵێت: "خەڵكی كوردستان لە بڕیاری مافی چارەنووس پاشگەز نابێتەوە".

 (هەورامی) لە كۆبوونەوەكەدا گوتی: "لە بارەی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا، لیستە كوردستانییەكان بەشداری پرۆسەكەن تاوەكو (مالیكی) لە پۆستی سەرۆكوەزیران نەمێنێت و شێوەی حكومڕانییەكەی و دارودەستەكەی لە ناو دەوڵەت و هێزە ئەمنییەكان نەمێنن. لەو پرۆسەیەیشدا لیستە كوردستانییەكان ئامادە نین بە هیچ شێوەیەك جارێكی دیكە گفتوگۆ لەسەر كەركووك و ناوچەكانی 140 و پرسی پپێشمەرگە و نەوت و گاز بكەنەوە".

گوتیشی: "خەڵكی كوردستان جارێكی دیكە ناچێتەوە ناو ئەو چوارچێوە حكومڕانی و سیاسی و سەربازییەی كە پێش رووداوەكانی مووسڵ هەبوو. ئێستا واقیعێكی نوێ هەیە و دەبێ پرۆسەی سیاسیی عێراق دووبارە دابڕێژرێتەوە".

شاندی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا كە لە جێگری كۆنسووڵ (ستیفن جی) و بەرپرسی بەشی سیاسی (ویلارد سمس) و ئەندامی بەشی سیاسی(دەیڤدر فولر)، پێك هاتبوون، تێگەیشتنی خۆیان بۆ هەڵوێستی خەڵك و سەركردایەتیی كوردستان راگەیاند و جەختیان كردەوە كە پێگەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، پێگەیەكی یەكلاكەرەوەیە.

دواتر هەردوولا لەسەر چەند تەوەرێكی دیكە گفتوگۆیەكی چڕوپڕیان ئەنجام دا و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، هەڵوێست و تێڕوانین و سەرنج و بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەمەڕ پرسی سیاسی و ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان، ئامادەسازییەكانی هەرێم بۆ كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و یاسای ریفراندۆم و دۆخی پەنابەران و گۆڕانكارییەكانی دیكەی ناوچەكە خستە ڕوو.  

هەواڵی پەیوەندیدار