پارتی دیموكراتی كوردستان – باكوور، پشتگیری بۆ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەردەبڕێت
__2014_07_09_h18m39s19__BA.jpg)
شێخان -kdp.info- لە كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسی لقی 20ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و شاندی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان – باكووردا، هاریكاری و پاڵپشتیی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا خرایە ڕوو.
بەرپرسی لقی 20ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شێخان (عەلی عەونی)، ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە شاندێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان - باكوور كرد كە پێك هاتبوو لە سكرتێری ئەو حزبە (سەرتاج بوجاخ) و ئەندامانی سەركردایەتی.
لەو بارەیەوە بەرپرسی راگەیاندنی لقی 20 (كەریم سلێمان)، بۆ kdp.infoگوتی: "بەرپرسی لقی 20ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شێخان، ئەمڕۆ چوارشەممە پێشوازی لە شاندی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان - باكوور بە سەرۆكاتیی سكرتێری ئەو حزبە (سەرتاج بوجاخ ) و ئەندامانی سەركردایەتی كرد و لە كۆبوونەوەیەكیشدا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان – باكوور، پشتگیری و هاریكاریی خۆیان بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و ئامادەكاری بۆ ریفراندۆم لە باشووری كوردستان دەربڕی".
گوتیشی: "شاندی ناوبراو داكۆكی لەوە كرد كە پێویستە ناوماڵی كوردان یەكگرتوو بێت تا بە سەركەوتوویی ئەو قۆناخە ببڕن، چونكە دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەرێمی كوردستان هاتووەتە پێش و برایانی كوردیش لە باكوور، بە هەموو توانایەك ئامادەی پشتگیری و هاریكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستی (سەروك بارزانی)ـین".
دڵدار ئیراهیم




