عەلی حوسێن: پێویستە لەم قۆناخەدا هەموومان هەماهەنگ و هاوكار بین

هەولێر -kdp.info- بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "پێویستە لە ژێر رۆشنایی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بۆ پاڵپشتیكردن و كۆمەكی پرۆسەی هاوكاریی نیشتمانی بۆ پێشمەرگە، وەك ئەركێكی نەتەوەیی لەم قۆناخەدا هەموومان هەماهەنگ و هاوكار بین".
لە ژێر رۆشنایی پەیامی (سەرۆك بارزانی)ـدا بۆ پاڵپشتیكردن لە هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگیكردن و گەیاندنی كۆمەك و پرۆسەی بەرگریكردن لە كوردستان، ئەمڕۆ بەرپرسی لقی دوو (عەلی حوسێن) بە ئامادەبوونی كارگێڕانی لق سەرپەرشتیی دوو كۆبوونەوەی فراوانی لەگەڵ كادیرانی ئیداری و سیاسیدا لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە میانی هەردوو كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی لقی دوو دوای باسكردن لە ناسەقامگیریی سیاسی و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی عێراق و كوردستان و دواگۆڕانكاری و پێشهاتە تازەكانی ناوچەكە، ئاماژەی بە گرینگیی پاراستنی رەوشی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانە كرد كە بە خەبات و تێكۆشانی خوێنی هەزاران رۆڵەی شەهیدی ئەم كوردستانە هاتووەتە كایەوە.
بەرپرسی لقی دوو جەختیشی كردەوە كە پێویستە لە ژێر رۆشنایی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بۆ پاڵپشتیكردن و كۆمەكی پرۆسەی هاوكاریی نیشتمانی بۆ پێشمەرگە، وەك ئەركێكی نەتەوەیی لەم قۆناخەدا هەموومان هەماهەنگ و هاوكار بین بۆ زیاتر پاڵپشتیی رۆحی و مەعنەوی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە ئەمڕۆ لە هێڵی پێشەوەی بەرگریی پاراستنی سنوورەكانی كوردستانن، هەروەها یارمەتیدانی دەزگا پەیوەندارەكان لە دابینكردنی خزمەتی زیاتر بە هەموو ئەو پەنابەرانەی ئەمڕۆ ڕوویان لە سنوورەكانی هەولێر و شارەكانی تری كوردستان كردووە.
هاوكات بەرپرسی لقی دوو ستاییشی خەڵكی هەولێر و گشت چینوتوێژەكانی كرد كە هەموو كات هاوكار و هەماهەنگ بوون لە پێناو سەركەوتنی كوردستان لە هەر بارودۆخێكدا.




