لقی هەژدە و ئامێدییەكان پشتیوانیی خۆیان بۆ پێشمەرگە دووپات كردەوە
__2014_06_30_h18m37s56__BA.jpg)
تلكێف -kdp.info- بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاگاداربوون لە رەوشی برا پێشمەرگەكان لە خاڵی سنووریی كوردستان و هەروەها گەیاندنی هاریكاری و كۆمەك پێیان، بەرپرسی لقی 18ـی پارتی دیموكراتی كوردستان (فەریق فارووق) بە یاوەریی كارگێڕ و كادرانی لق و بەرپرس و كارگێڕ و كادرانی هەر هەشت لیژنەی ناوچە و ریشسپی و كەسایەتی و زانایانی ئایینی و پێشمەرگە خانەنشینكراوەكانی ئەیلوول و گوڵان و چینوتوێژە جیاوازەكانی دەڤەری ئامێدی، سەردانی پێشمەرگەیان لە سنووری مووسڵ كرد و لە بارەگای هێزی یەكی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە تلكێف، لە لایەن فەرماندەی هێزی ناوبراو عەمید (سەفەر ئامێدی) و فەرماندەی سوپای دووی پێشمەرگەی زێرەڤانی لیوا (ئەمین گەڤەركی) و ژمارەیەك پلەداری پێشمەرگەوە هاتنە پێشوازیكردن.
لە دانیشتنێكدا لە بارەگای هێزی یەكی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە تلكێف، بەرپرسی لقی 18 لە پەیڤێكدا ڕایگەیاند كە مەبەست لەو سەردانە، پشتیوانیی لق و خەڵكی دەڤەری ئامێدییە بۆ برا پێشمەرگەكان و دووپاتی كردەوە كە بە هەزاران كەس لە هەردوو ڕەگەز ناوی خۆیان تۆمار كردووە كە وەك خۆبەخش بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن.
لای خۆیانەوە فەرماندەی هێزەكانی (1) و (2)ـی پێشمەرگەی زێرەڤانی، سوپاسی لقی 18 و تەواوی خەڵكی دەڤەرەكەیان كرد كە بەو جۆشوخرۆشەوە سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان كردووە و ورەی پێشمەرگەیان بەرزتر كردەوە.
گوتیشیان، "ئێمە باوەڕمان وایە كە گەلی كوردستان بە گشتی و خەڵكی دەڤەری ئامێدییش بە تایبەتی، هەموویان پێشمەرگەن و لە كاتی پێویستدا چەك هەڵدەگرن و هاوشانی كوڕ و برای خۆیان شەڕی دوژمن دەكەن".
لە لایەكی دیكەیشەوە كادر و پێشمەرگە خانەنشینكراوەكان و هاووڵاتیانی دەڤەری ئامێدی، ڕایانگەیاند كە ئەوان هاتوون تا لە سەنگەری بەرگریدا بمێننەوە و داوایان لە فەرماندەكانی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو مەبەستە جێگەیەكیان بۆ دەستنیشان كردووە.
جێی باسە، لەو سەردانەدا لقی 18 رێژەیەكی زۆر كەلوپەلی خواردەمەنی و پێداویستییان بردبوو و ڕادەستی هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد.
عەلی رێكانی




