سۆران... كەمپینێك بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك پێك هێنرا

سۆران -kdp.info- بە ئامادەبوونی فەرماندەكانی بارزان و هەڵگۆرد و سپیلك و قایمقامی قەزای سۆران، لە بارەگای لقی10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دروستكردنی كەمپین بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، كۆبوونەوەیەك ساز درا.
لە كۆبوونەوەكەدا بۆ هاوكاریكردن و بە هاناوەچوون و كۆمەككردنی پێشمەرگە لە بەرەكانی سەنگەردا، بڕیار درا بە دروستكردنی كەمپینێك لە دەڤەری سۆران و كۆكردنەوەی تەواوی هاوكاریی هاووڵاتیان.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی لقی 10 (ئازاد عەبدوڵڵا) بۆ kdp.infoگوتی، "خەڵكی دەڤەری سۆران هەمیشە هەڵوێستی كوردانە و نیشتمانپەروەرانەیان هەیە، بۆیە وا بە باش زانرا ئەمڕۆ لە بارەگای لقی10 كۆبوونەوەیەك لەسەر چۆنیەتیی كۆكردنەوەی كۆمەكی هاووڵاتیان رێك بخرێت و دواتر كۆ بكرێتەوە و بگەیەنرێتە بەرەكانی سەنگەر لەسەر سنوورەكانی كوردستان".
ئیسماعیل گوندەژۆری




