جەخت لە یەكخستنی بیروڕاكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان كرایەوە
__2014_06_29_h18m10s54__BA.jpg)
هەولێر-kdp.info- لە كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و سكرتێری حزبی بەیت نەهرێندا، جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و یەكخستنی بیروڕاكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان بە هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنی گشت حزب و لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی كوردستان كرایەوە.
بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان (عەلی حوسێن)، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی كارگێڕانی لق پێشوازی لە سكرتێری حزبی بەیت نەهرێنی دیموكراتی (رۆمیۆ هەكاری) و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا دوای تیشكخستنەسەر پێشهات و بارودۆخی ناجێگیر و هەستیاری سیاسی و ئاڵۆزییەكانی ئەمڕۆی عێراق و دواگۆڕانكارییە تازەكانی ناوچەكە، جەخت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و یەكخستنی بیروڕاكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان بە هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنی گشت حزب و لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی كوردستان كرایەوە بۆ زیاتر پاراستنی داهاتووی ئەزموونی دیموكراتیی هەرێمی كوردستان و هەنگاونان بۆ ئەم قۆناخەی كە پێیدا تێپەڕ دەبین.
لای خۆیەوە (رۆمیۆ هەكاری) سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ سنوورەكانی كەركووك و مووسڵ بەرز نرخاند و جەختی كردەوە كە "ئەم سەردانە بووە جێگەی خۆشحاڵیی خەڵكی ئێمە لەم ناوچانە و پاڵپشتیی خۆیشمان بۆ هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) دەردەبڕین سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ سەر هەرێم و پارێزگاریكردنیان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە".
هاوكات سكرتێری حزبی بەیت نەهرێن جەختی لە پاراستن و پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر بە هەموو ئەو پەنابەرە مەسیحیانە كردەوە كە شاری مووسڵ و حەمدانییە و ناوچەكانی دەوروبەریان جێ هێشتووە و بەشێكی زۆریان ئەمڕۆ هاتوونەتە شارۆچكەی عەینكاوە لە شاری هەولێر.
دواتر بەرپرسی لقی دوو ئاماژەی بە بەرنامەی ئێستا و داهاتووی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بەرامبەر بە داكۆكیكردن لە پاراستن و پێشكەشكردنی خزمەت بە هەموو پێكهاتەكان و پەنابەرانی نەتەوە و ئایینەكان كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.




