هێمن هەورامی: دەبێت بە شێوازی سیاسی قەیرانی ئێستای عێراق چارە بكرێت
__2014_06_19_h15m30s41__BA.jpg)
هەولێر -kdp.info- بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، مەحاڵە بارودۆخی ئێستای عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش قەیرانی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە و كوردیش بەشێكە لە چارەسەر نەك كێشە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی، پێشوازیی لە شاندێكی كۆنسووڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتیی جێگری كۆنسووڵی گشتی خاتوو ئێنگە بۆگ بێگل و ئەندامێتیی كریستیان و ڤێلد و ئەندێریا شاكا، كرد.
لە دانیشتنێكدا باس لە چەندین تەوەری گرنگی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و كوردستان كرا.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە وێڕای بەخێرهێنانی شاندی ناوبراو، پوختەیەك لە مەڕ دواپێشهاتە سیاسییەكانی ئەمڕۆی عێراق و بۆچوونەكان و هەڵوێستی پارتی خستە ڕوو و ڕوونی كردەوە كە مەحاڵە بارودۆخی ئێستای عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش قەیرانی مووسڵ و ناوچەكانی تر.
هەورامی هەڵوێستی پارتیی دووپات كردەوە كە كورد نابێتە بەشێك لە ململانێی تایفی و مەزهەبی لە عێراقدا، بەڵكوو بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی تیرۆر و تیرۆریستان دەبێتەوە، بۆ پاراستن و سەقامگیریی خاكی كوردستان و ئەزموونی دیمۆكراسی، هەر لەم میانەیەیشدا ئەوەی خستە ڕوو كە كورد شەڕی سوننە ناكات.
لەم دیدارەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەب ئامادەی بوون، هەردوو لا هاوڕا بوون كە قەیرانی ئێستای عێراق دەبێت بە چارەسەرێكی سیاسی كۆتایی پێ بێت، چونكە كردەوەی سەربازی بۆ چارەكردنی ئەم قەیرانە ئەگەری زیانلێكەوتنێكی مەزنی مرۆیی لێ دەكەوێتەوە.
خاتوو بێگل سوپاسی بەرپرس و ستافی مەكتەبی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی، هەروەها سوپاسی بەرپرسی بەشی پێوندییەکانی دەرەوەی كرد بۆ شرۆڤەكردنی قەیرانی ئێستای عێراق بەو شێوەیە كە هەمان بۆچوونی ئەوانیشە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە وێڕای ئاماژەكردن بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو لا داوای لە شاندی میوان كرد كە بتوانن زیاتر بایەخ بە چارەكردنی كێشەكان بدەن چ لەسەر ئاستی وڵاتی خۆیان یاخۆد لەسەر ئاستی یەكێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانێتیی ناتۆ، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان كە تیرۆر لە هەر شوێنێك بێت هەمان ئامانجیان هەیە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی بە سەقامگیری و ئارامیی سەرجەم ناوچەكانی كوردستانی كرد كە ئێستا لە ژێر كونتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان.
ئەمەو شاندی میوان ئاڵۆزی و قەیرانی ئێستای عێراقی بۆ سیاسەتی چەوتی مالیكی و پەیڕەونەكردنی بنەماكانی دیموكراسی و پێكەوەژیان گەڕاندەوە.
هەروەها لە میانەی ئەم چاوپێكەوتنەدا باس لە چەندین بابەتی تایبەت بە كورد و داهاتووی كوردستان كرا، هاوكات باس لە بوونی زیاتر لە (800) هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی شارەكانی عێراق و سووریا بۆ هەرێمی كوردستان و دابینكردنی سەرجەم پێداویستییە مرۆیی و خزمەتگوزارییەكان بۆیان كرا كە ئەمەیش جێگای ڕێز و بایەخی شاندی میوان بوو.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە داوایشی لە شاندی میوان كرد كە هاوكاری بۆ ئەو پەنابەرانە لەسەر ئاستی كۆمەڵگە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دابین بكەن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
