٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

هێمن هەورامی: سنووری كوردستان پارێزراوە و نابینە بەشێك لە ململانێ و جەنگی مەزهەبی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.INFO- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەولێر ڕایگەیاند،  كورد نابێتە بەشێك لەو گیروگرفتە تایفی و مەزهەبییەی نێوان شیعە و سوننە، بەڵكوو پاراستنی سنوور و خاكی كوردستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ كوردستان، بە ئەركی خۆی دەزانێت.

 

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی، پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەولێر یرۆن كیلدێرهاوس كرد.

 ‌لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئامادەی بوون، باسی ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا و قەیرانی ئەم دواییەی عێراقیش، تەوەرێكی سەرەكیی چاوپێكەوتنەكە بوو.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە سەبارەت بەو بارودۆخەی ئێستا، ڕا و بۆچوون و هەڵوێستی پارتی خستە روو و جەختی كردەوە كە كورد نابێتە بەشێك لەو گیروگرفتە تایفی و مەزهەبییەی نێوان شیعە و سوننە، بەڵكوو پاراستنی سنوور و خاكی كوردستان و دابینكردنی ئارامی و ئاساییش بۆ كوردستان، بە ئەركی خۆی دەزانێت.

هەورامی هەروەها دووپاتی كردەوە كە كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە بۆ دیپلۆماتكاران و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ئەوانەی كە لە كوردستان كار دەكەن بە پێچەوانەی ناوچەكانی تری عێراق، ئێستا سنووری كوردستان زیاتر پارێزراوە لە دەستدرێژی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ پاراستنی ئەم ناوچانە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵ و بووچوونی وڵاتانی دراوسێ، هەورامی ئاماژەی بە سەردانی شاندێكی پارتی و یەكێتی بۆ ئێران دا بۆ تاوتووكردنی بارودۆخی عێراق  بە تایبەتی دوای دەستبەسەرداگرتنی چەكدارانی داعش بەسەر  شارەكانی مووسڵ و تكریت و چەند شارێكی تر، هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە بڕیارە شاندێك سەردانی  توركیا بكات.

بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم چاوپێكەوتنە و شرۆڤەكردنی بۆچوونەكانی پارتی لەمەڕ دواپێشهاتەكانی كوردستان و عێراق، هەروەها   شێوازی مامەڵەكردن و كاركردنی كوردستانی لەگەڵ ئەو ئاوارانەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەرز نرخاند و ئاماژەی دا كە بۆ دەوڵەتێكی وەك هۆڵەندا ئەركێكی گرانە مامەڵە لەگەل  (3) هەزار پەنابەر بكات نەخاسمە كوردستان كە پێشوازی لە زیاتر لە (300) هەزار هاووڵاتی كردووە كە ئەمەیش جێگەی بایەخە.

كیلدێرهاوس هەروەها ئاماژەی بە سەقامگیری و ئارامی كوردستان كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە بەم زووانە وڵاتانی ئەورووپا كۆبۆنەوەەكی تایبەت بە بارودۆخی عێراق ساز دەكەن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار