لە ساڵیادی دامەزراندنیدا، شاندێکی پارتی سەردانی مەڵبەندی سێی یەکێتییان کرد
__2014_06_01_h15m14s57__BA.jpg)
لە 39ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا، شاندێکی پارتی سەردانی مەڵبەندی سێی یەکێتییان کرد و لە دیدارێکدا وێڕای پیرۆزباییکردن، جەختیان کردەوە لە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی و هاوهەڵوێستیی گشت حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو یەکخستنی نێوماڵی کورد و یەکهەڵوێستیی بیروڕاکان لەبەرامبەر هەموو ئەو قەیران و تەنگژە سیاسی و دەستووریانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.
لە 39ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێک هاتبوو لە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگای هەولێر، کاکەمین نەجار و بەرپرسی مەکتەبی ناوەندیی پەیوەندییە نیشتمانییەکان، ئەحمەد کانی و بەرپرسی لقی دوو، عەلی حوسێن و کارگێڕانی لق و ئەندامانی ئەنجوومەن و ئەندامانی پەیوەندییەکان سەردانی بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد و لە لەلایەن ئەرسەلان باییز و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کارگیرانی مەڵبەند پێشوازییان لێ کرا.
لە دیدارێکدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان ئاراستەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانی یەکێتی کرد، هەروەها هیوایان خواست ئەم یادە هەنگاوێکی دیکە بێت بۆ تێکۆشان لە پێناو پێشکەوتنی زیاتر و پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاڵپشتیکردن لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم، هەر لە دیدارەکەدا جەختیان کردەوە لە قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی و هاوهەڵوێستیی گشت حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە پێناو یەکخستنی نێوماڵی کورد و یەکهەڵوێستیی بیروڕاکان لەبەرامبەر هەموو ئەو قەیران و تەنگژە سیاسی و دەستووریانەی ئەمڕۆ رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.




