٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

پارتی كۆمۆنیستی چین: هەرێمی كوردستان یەكێك لە ناوچە ئارام و سەقامگیرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە كۆنفراسی ساڵانەی پارتی كۆمۆنیستی چینیدا، هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە ناوچە ئارام و سەقامگیرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد كرا.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كۆمۆنیستی چین، شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێك هاتبوو لە بەرپرسی دێسكی ئاسیا عەبدولسەلام ئیبراهیم و ئەندامی مەكتەب سەڵاح باوانی، بەشدارییان لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتی كۆمۆنیستی چین كرد.

لەژێر ناوونیشانی (دیتگای گەشەكردن لە ئاییندەدا) پارتی كۆمۆنیستی چینی كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا، كە لە ڕۆژانی 27 و 28/5/2014  لە شاری (ئی یۆ)ـی چین بە ڕێوە چوو.

لە كۆنفڕانسەكەدا شاندی پارتی دیموكرانی كوردستان بە وتارێك لەسەر رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و سەقامگیری و وەبەرهێنانەوە بەشداریی كرد.

دوای خوێندنەوەی وتاری میوانانی ئامادەبوو، وەك بەشێك لە كۆنفراسەكە هەڵسەنگاندنێك بۆ ئاییندەی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرا، لە ژێر چەتری دیدگای گەشەكردن لە ئاییندەدا، بەشداربووان و لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری كۆنفراسەكە، هەرێمی كوردستانیان بە یەكێك لە ناوچە ئارام و سەقامگیرەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوزەد كرد.

 

لە چوارچێوەی كونفرانسەكەدا و بۆ زیاتر ئاگاداربوون لە دواڕەوشی سیاسی و ئابووری، شاندی (پ.د.ك) كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ژمارەیەك لە ئەندامانی  پارتی كۆمۆنیستی چین ئەنجام دا، لە درێژەی دانیشتنەكەیان، شاندی پارتی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دەستپێشخەری و بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەیان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی، هیوایشیان خواست لە ئاییندەدا پەیوەندییەكانی هەردوو لا بایەخی زیاتریان پێ بدرێت.

 بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی كۆمۆنیستی چین، لە لای خۆیەوە  سوپاسی شاندی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئامادەبوونیان لە كۆنفرانسی ساڵانەی پارتەكەیاندا.

ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی دیپلۆماسی و پسپۆڕ لەناو پارتە سیاسییەكان و حكوومەت و كۆمپانیا بازرگانییەكان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا، ئامادەی كۆنفرانسەكە بوون. ئەو لیژنەیەش كە كۆنفرانسەكەی بەڕێوە دەبرد، لە كەسایەتییەكانی ناو پارتی كۆمۆنیستی چین و حكوومەتی ئەو وڵاتە و شارەزایانی بواری سیاسی و ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا پێك هاتبوو.

سەنگەر هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار