هێمن هەورامی: سەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا لای ئێمە مەبەستە نەك ژمارەی كورسی
__2014_05_22_h16m39s6__BA.jpg)
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر ڕایگەیاند: ئەگەر نەخشەیەكی زەمەنی بۆ چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێت، ئەوا سەركردایەتیی كورد رێگایەكی تر هەڵدەبژێرێت و بۆ بڕیاری خەڵكی كوردستان دەگەڕێنەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی مەكتەب، پێشوازییان لە كۆنسووڵی گشتیی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر (جۆزێف پێنیینگتون) و راوێژكاری سیاسیی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا (دەڤێد كۆدیڵ) كرد.
هیمن هەورامی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، دواڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستانی عێراقی بۆ كۆنسووڵی ئەمەریكا شی كردەوە، هەڵبژاردنی 30ـی نیسان و دەرەنجامەكانیشی تەوەری سەرەكیی دانیشتنەكە بوو. هەورامی تیشكی خستە سەر بەرەوپێشوەچوونی دیموكراسییەت لە هەرێم، كە جێگەی دڵخۆشییە و لە ماوەی كەمتر لە 8 مانگدا سێ هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، ئەمە نموونەیەكی دەستاودەستكردنی دەستەڵات نیشان دەدات لە هەرێمدا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی 30ـی نیسان، هێمن هەورامی ئەوەی نەشاردەوە كە یاسای هەمواركراوی سانتلیكۆ و هاوپەیمانیمان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان لە هەندێ ناوچەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كاریگەریی لەسەر رێژەی كورسییەكانمان هەبووە، بەڵام خۆشبەختانە دەنگەكانمان روو لە هەڵكشان بووە. سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هەموو لایەنە كوردییەكان لەسەر چەندین پرەنسیپی نەتەوەیی كۆكین و چاوەڕێی لایەنەكانی تری عێراقین، هەروەها پیشتگیریی حكوومەتێك دەكەین كە زەمانەتی مافەكانی كورد بێت و دان بە شكستی 10 ساڵەی رابردووی بەڕێوەبەردنی ئیداری و سیاسیی عێراقدا بنێت.
هەورامی گوتیشی: "ئەگەر نەخشەیەكی زەمەنی بۆ چارەكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێت لە چوارچێوەی حكوومەتی نوێی عێراقدا، ئەوا سەركردایەتیی كورد رێگایەكی تر هەڵدەبژێرێت و دەگەڕێنەوە بۆ بڕیاری خەڵكی كوردستان و راپرسیی كوردان ئاسۆی ئاییندەی هەرێم دیاری دەكات".
هێمن هەورامی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا یەكگرتوویی كوردی لە ئێستادا بە زەروورەتێكی مێژوویی وەسف كرد، كە سەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا لای ئێمە مەبەستە نەك رێژەی كورسی، سەبارەت بە رێژەی دەنگەكان و ژمارەی كورسییەكانی پارتییش، هەورامی گوتی كە بە بەڵگەوە پارتی دیموكراتی كوردستان چەند سكاڵایەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆمسیۆن كردووە.
كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنە یەك لە دوای یەكانەی، كە خۆیان لە پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا دەبیننەوە.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
