٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، لەگەڵ كۆنسووڵی گشتی و جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق کۆ بووەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی و ژمارەیەك لە ئەندام مەكتەب، لەگەڵ كۆنسووڵی گشتی و جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق گیرداد لۆشیوس و بەرپرسی ئۆفیسی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە هەولێر یورون گراید هاوس، كۆ بوونەوە و رەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان خستە بەر باس.

هێمن هەورامی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشكی خستە سەر دوابارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و، هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانیشی لەو بارەیەوە بۆ شاندی ناوبراو شی كردەوە.

جێگری باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق گیرداد لۆشیوس، سەرسامیی خۆی بۆ پێشوەچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە رووی ئاوەدانی و سەقامگیری و ئابوورییەوە نیشان دا. لۆشیوس لە درێژەی قسەكانیدا هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند و بە نموونەیەكی دیموكراسی لە ناوچەكەدا وەسفی كرد. لای خۆشیەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكان كرد بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەك حزبی یەكەم لە كوردستان زۆرترین متمانەی خەڵكی كوردستانی بە دەست هێناوە. ئەوەشی نەشاردەوە كە هۆڵەندا زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە كوردستان و لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆنسووڵییەی گشتی لە هەرێمی كوردستاندا دەكەنەوە.

گوتیشی: ئەمەش لە كاتێدایە وڵاتی هۆڵەندا لە جیهاندا پێنج كۆنسووڵییەی لە چەند وڵاتێكدا داخستووە، ئەمە جێگای دڵخۆشییە كە وڵاتانی ئەورووپا بە بایەخەوە دەڕواننە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا و، بە تاكە هەرێمی سەقامگیر و ئارام دەیبینن، هەر لەو روانگەیەشەوە  هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی شوێنێكی ئارام و سەقامگیرە.

هەورامی بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سوپاسی وڵاتی هۆڵەندای كرد كە بە بەرزكردنەوەی ئاستی بوونیان لە نوێنەرایەتییەوە بۆ كۆنسووڵییەی گشتی لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی پارتیی نیشان دا بە هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆ كردنەوەی كۆنسووڵییەی هۆڵەندا لە هەرێم. هەر لە درێژەی قسەكانیدا بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) گوتی كە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی 8ـی حكوومەتی هەرێم، خواستی پارتی نەبووە. گوتیشی: لە هەمان كاتدا هەوڵمان داوە كە حكوومەتێكی بنكەفراوان بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت، بۆ ئەوەی هەموومان بەیەكەوە بتوانین ئاستەنگەكانی بەردەم پێشوەچوونەكان تێك بشكێنین و حكوومەتێك بنیاد بنێین كە گوزارشت لە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان بكات.

سەبارەت بە دوای دەرچوونی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەورامی ئاماژەی دا: كاركردنمان بۆ كۆكردنەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكانە لە ژێر یەك چەتری گوتاری نەتەوەییدا، بۆ ئەوەی پێگەی كورد لە حكوومەتی ئاییندەی عێراقدا كاریگەر بێت و شەرعییەتی فیدراڵی لە ڕێی دەستوورەوە بگەڕیێنینەوە بۆ عێراق و كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارە بكرێن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار