هێمن هەورامی: رەوەندی كوردی لە ئەورووپا و ئەمەریكا پشتگیری لە گوتارە نەتەوەییەكەی سەرۆك بارزانی دەكەن
__2014_04_26_h14m11s43__BA.jpg)
لەگەڵ دەسپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لیژنەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە سەرپەرشتیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی پێك هاتبوو، سەرپەرشتیی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە سنووری لقی 6ـی ئەورووپا و لقی 7ـی ئەمەریكا كرد، بۆ ئەوەی پەیامی سەركردایەتیی پارتی و ستراتیژییەتی ئەم هەڵبژاردنە بگەیەننە رەوەندی كوردی لە ئەورووپا و ئەمەریكا.
هەر لە درێژەی كار و چالاكییەكانی ئەو لیژنەیەدا، تێكڕای وڵاتانی ئەورووپایان بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە لەگەڵ بەرپرسی ناوچە و كادیر و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بوونەوە و، پەیام و راسپاردەكانی سەركردایەتیی پارتی و ستراتیژییەتی ئەم هەڵبژاردنانەیان بۆ روون كردنەوە. لیژنەكە هەروەها لە رۆژانی 23/4 و 24/4 و 25/4ـی 2014 لەگەڵ رەوەندی كوردی لە سنووری ناوچەی هەر سێ وڵاتی دانیمارك و نەرویج و ئەڵمانیا كۆ بوونەوە وەك زەنگی ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن و، هێمن هەورامییش چەند كۆبوونەوە و سیمینارێكی سیاسیی لە وڵاتانی ناوبراو ئەنجام دا.
هەروەها لە رۆژی 23/4/2014 هێمن هەورامی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج سیمینارێكی بۆ لیژنەی ناوچەی نەرویج و بەرپرسی رێكخراو و كارگێڕ ریكخراوەكان ئەنجام دا.
لە سیمینارەكەدا هەورامی باسی گۆڕانكارییەكانی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بە گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی دا و ڕایگەیاند: ئێمە وەكو پارتی دیمووكراتی كوردستان كە هێزی یەكەمین، بەرپرسیارەتیی گەورەمان لە ئەستۆدایە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەك سیاسەت بكرێت بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە بڕوات نەك كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروست بكرێت.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا، هەورامی هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە دووەم هەڵبژاردن زانی كە بە درێژایی مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی جودا بەشداریی تێدا كردبێت، هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و دواتریش ئەم هەڵبژاردنەیە كە پارتی بە تەنیا بەشدای دەكات. هەر لەو روانگەیەوە ستراتیژییەتی پارتی، بردنەوەی زۆرترین دەنگی رەوەندی كوردییە بۆ دیاریكردنی قەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو رەوەندی كوردی لە ئەورووپا و ئەمەریكا.
جێی باسە، لە رۆژی 24/4/2014 هێمن هەورامی كۆبوونەوەكانی لە كۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك درێژ پێ دا و، لە كۆبووەنەوەیەكیشدا كە بۆ كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیمارك رێك خرابوو، هەورامی چەند مەسەلەیەكی پەیوەست بە ئێستای هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستە روو.
سەرەتا باسی لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و، ڕایگەیاند كە سیاسەتی پارتی لەو بارەیەوە، گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددە و بڕگانەی ناو دەستووری هەمیشەیی عێراقی فیدراڵ، كە پەیوەستن بە مەسەلەی كوردەوە، وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و كێشەی پێشمەرگە و بوجەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی كاری لە سەر بكرێت و وەك شەریكێكی راستەقینە مامەڵە لە گەڵ كورد بكرێت.
هەورامی زۆر بە بایەخەوە باسی ئەم هەڵبژاردنەی كرد و گوتی: قەبارەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو رەوەندی كوردی لە دەرەوە دەرنەكەوتووە، ئەمە فرستەێكی ئاڵتوونییە بۆ ئێوە هاتووەتە پێشەوە تا بتوانن قەبارەی راستەقینەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو رەوەندی كوردی بخەنە روو، بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت كاریگەری لەسەر سیاستەی دەرەوەی پەرلەمانی ئەورووپا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەراست دروست بكات، كە بە سوودی مافی گەلان و جارەنووسی ئاشتیانەی دۆزی كورد بێت. هەروەها هێمن هەورامی ئاماژەی بە بایەخی ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆمەڵێك گۆشەنیگاوە خستە ڕوو كە ستراتیژییەتی گەورە و فراوانی هەیە، چونكە عێراق بەرەو گۆڕانكارییەكی خێرا دەڕوات، هەروەها ئەو بارودۆخەی ئێستای سووریا كە هاتووەتە ئاراوە، كە بەپێی گۆڕانكارییەكان دەبێت كورد هەڵوێستێكی كوردانەی هەبێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ برایانی كوردمان لە رۆژئاوای كوردستان.
هەروەها لە رۆژی 25/4/2014 كە دواكۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بە سەرپەرشتیی هێمن هەورامی بوو لە هامبورگی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كادر و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری ناوچەی هامبورگ، كە پلان و بردنەوەی بەهێزی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شی كردەوە.
هەورامی بە ئامادەبووانی راگەیاند: ئێمە پێمان وایە ئەم هەڵبژاردنە ریفراندۆمێكە لە لایەن رەوەندی كوردییەوە بۆ گوتارە نەتەوەیەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگی زۆر بە دەست بێنێت، ئەوا بە مانای زۆرینەی رەوەندی كوردی پاڵپشتی ئەو گوتارە نەتەوەییەی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن، بۆیە ئێوەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی وڵات، دەبێت هەڵوێستێك بنوێنن كە رەنگدانەوەی بەشێكی زۆری رەوەندی كوردی بێت بۆ پاڵپشتیی هەڵوێستە نەتەوایەتییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، سەرپەرشتیاری بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەورووپا و ئەمەریكا، ئەوەی راگەیاند كە پێشبینی دەكەن بە رێژەیەكی زۆر فراوان لە پێشەوەی هەموو پارتە سیاسییەكانی تری كوردستان بن لەناو رەوەندی كوردیدا، هەر بۆیە ئێمەش هاتووینەتە ئێرە كە رێكخستنێك بكرێت بۆ سەركەوتنێكی گەورە، سەركەوتنی ئێمە مسۆگەرە لەناو رەوەندی كوردی، بەڵام دەمانەوێت سەركەوتنێكی وەها بێت كە پەیامێك بێت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتییەكەی، كە رەوەندی كوردی خەڵكی دڵسۆزی رێبازی پیرۆزی بارزانی و پارتین و، هەمیشە پشتیوانی حەقانییەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها دەمانەوێك سەركەوتنی پارتی دیمووكراتی كوردستان لەناو رەوەندی كوردی پەیامێك بێت بۆ ئەو لایەنانەی كە موزایەدە و قسەیان بە ناوی رەوەندی كوردییەوە دەكرد، ئێمە لە رێگای سندووقەكانی دەنگدان وەڵامی ئەو هەموو موزایەدانە بە بردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەینەوە.
سەنگەر هەورامی

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
