٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی لقەکان

فەرەیدوون جوانڕۆیی: چاوەڕوانی بەدەستهێنانی رێژەیەكی باشی دەنگین بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی 4ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرجەم كادیرانی لق، كۆڕێك بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرەیدوون جوانڕۆیی ساز كرا.

لە كۆڕەكەدا فەرەیدوون جۆانڕۆیی باسی لە دواپێشتهاتە سیاسییەكانی جیهان و عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی كرد و ئاماژەی بە هۆكارەكانی دواكەوتنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم كرد و رایگەیاند كە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەندێك لایەن زیاتر لە بیری بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیاندان و هەرچەندە دروشمی خزمەتكردنیان هەڵگرتووە، بەڵام بە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانیش رازی نابن.

لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا، فەرەیدوون جوانڕۆیی تیشكی خستە سەر گرنگیی بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و گوتی: پارتی بە هەوڵ و تێكۆشانی كادیر و دۆست و لایەنگرانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە سنووری شاری سلێمانی دەنگەكانی زیادبوونی بە خۆوە بینی و چاوەڕێیش دەكەین لەم هەڵبژاردنانەدا زیاتر ببن.

لە كۆتایی گوتەكانیدا جوانڕۆیی داوای لە كادیرانی سنووری لقی 4 كرد كە لەم چەند ڕۆژەی كۆتایی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا هەوڵەكانی خویان زیاتر چڕ بكەنەوە و كاری باشتر بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام بن لە پاراستنی هێمنی و ئارامیی شاری سلێمانی.

سلێمانی/ ئارمان مەلازادە

هەواڵی پەیوەندیدار