لایەنگر و هەوادارانی پارتی لە بەكرەجۆ، بەڵێن و وەفادارییان دووپات کردەوە
__2014_04_19_h19m12s51__BA.jpg)
هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ناساندنی كاندیدەكانی هەردوو لیستی 213 و 76 پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی و دەروبەری بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمرۆ بە ئامادەبوونی فازیل رەئووف، بەرپرسی لقی 21 و لیژنەی ناوچەی بەكرەجۆ، كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی بۆ كادیر و دۆست و لایەنگرانی پارتی لە سنووری ناوچەكەدا رێك خست.
لە سەرەتای مەراسیمەكەش بەرپرسی لقی 21 ئاماژەی بە بنەماکانی دروستبوونی پارتی كرد و گوتی، پارتی بۆ رەواندنەوەی خەم و ئازار و مەینەتییەكان و وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەكانی گەلی كورد دروست بووە، لە ئیستایشدا لەگەڵ بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی باش لەم رێگەیەدا، كە دەنگی هاوولاتیان ئەو راستییەی سەلماندووە پارتی لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام دەبێت.
لە درێژە كۆبونەوەكەدا ژمارەیەك لە كاندیدەكانی هەردوو لیستی 213 و 76 خۆیان و بەرنامەی كاری داهاتویان لە چوارچێوەی بەرنامەی لیستەكانیاندا خستە روو.
لە هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا هەمووو لیست و كاندیدێك بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و متمانەی خەڵك چەندین دروشمی گەورە و گرینگ هەڵدەگرن، كە زۆر جاریش دەنگدەر بە گۆمانن لە جێبەجێكردنیان، بەلام ئەزموونی پارتی لە جێبەجێكردنی بەڵینەكانی و بەرنامە و ئامانجەكانی ئەو متمانەیەی لە لای دەنگدەری كورد دروست كردووە كە بەڵێن و بەرنامەكانی پارتی بە تەنیا دروشم و پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن نین، بەلكۆ ئەمانە ستراتیژ و بەرنامەی ئەو رێگایەن كە هەر لە سەرەتاوە ئەم حزبەی لەسەر بونیاد نراوە.
سلێمانی / ئارمان مەلازادە




