٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵی لقەکان

لقی شەشی ئەورووپا بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەینیی ڕابردوو لە بەرلین بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی (6)، دڵشاد بارزانی و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پ د ك، هێمن هەورامی، كۆبوونەوەیەكی فراوان بۆ بەرپرسی لیژنە ناوچەكانی سنووری لقی 6 پارتی ئەنجام درا، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو بریار و راسپاردانەی كە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەن بۆ ئاراستەكردنی لیژنە ناوچەكان و رێكخرا و بنكەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گەینرایە ئامادەبووان، هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەندین راسپاردە و رێنمایی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پشتگیریكردنی لیستی 213ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆ و باسی لێوە كرا.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا هەر یەكە لە دڵشاد بارزانی و هێمن هەورامی باسیان لە گرنگیی هەڵبژاردنی 30/4 كردوو بە هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز و گرێنتییەك بۆ ئایندەی عێراق وەسف كرد، ئەوەشیان نەشاردەوە كە بۆ یەكەم جارە پ د ك بە لیستی جیا بە ژداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەركردایەتیی پارتی هەموو جۆرە ئامادەكارییەكی كردووە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات.

 لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان و بەرپرسانی ناوچە، چەندین پێشنیاریان خستە بەر باس، بۆ سەر خستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەركەوتنی لیستەكە و كاندیدانی پارتی.

لە كۆتاییدا بڕیار درا لەم جۆرە كۆبوونەوانە بەردەوام بن و چەند لێژنە و گرووپێك پێك بهێنرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی هەموو رێكخراو و بنكەكان لە سنووری لقی 6، بۆ خزمەتكردن و گەیاندنی دەنگدەران بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان.

دوای كۆبوونەوەی ئاساییی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی هێمن هەورامی رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا، بۆ سەرپەرشتیی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لیستی 213ی پ د ك لە سنووری لقی(6) لە ئەورووپا و لقی (7) لە ئەمەریكا.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار