لقی دوو ژمارەیەك كاندیدی دیكەیجەماوەر ناساند

هەولێر- KDP.info/ بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران(213) و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر(76)، بەرپرسی لقی دوو، عەلی حوسێن و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی، ئەحمەد کانی لە لێژنەی ناوچەی هەولێر و ناوچەی ئاراس بە ئامادەبوونی کارگێڕانی لق و بەرپرسی ناوچە و ژمارەیەکی زۆری ئەندام و کادیرانی ئیداری و جەماوەری ناوچەکە و کاندیدانی هەردوو لیستی پارتی لە شاری هەولێر سەرپەرشتیی دوو کۆبوونەوەی فراوانی کرد.
هەریەک لە بەرپرسی لقی دوو و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان لە میانی کۆبوونەوەکاندا رۆشناییان خستە سەر دەستپێکی قۆناخێکی تازەی هەڵبژاردنی داهاتوو و چۆنیەتیی خۆئامادەکردن و ئالییەتی هەنگاونان بۆ سەرکەوتنی هەردوو پرۆسەی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان.
عەلی حوسێن و ئەحمەد كانی هەروەها ئاماژەیان بە کێشەکانی ئەمرۆی نێوان هەرێم و بەغدا و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و بڕینی مووچەی خەڵک کرد لەلایەن حکوومەتی مالیکییەوە. لە تەوەرێکی تردا باس لە ئاوەدانی و ئارامی و ئاسایشی خەڵکی هەولێر کرا، پاشان تەئکیدیان لە ئەرک و بەرپرسیارەتیی ئەندام و کادیرانی پارتی کردەوە لەبەرامبەر پارستنی دەستکەوتەکان و خزمەتکردنی زیاتری جەماوەر و هەمەهەنگانە کارکردن لەپێناو سەرکەوتنی زیاتر و بەهێزکردنی پێگەی پارتی و پاڵپشتیی زیاتری لیستی 76ـی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و 213ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد.




